ریڤاڵدۆ داوا له ڤاڵڤێردی ده‌كات چیتر پشت به مێسی نه‌به‌ستن
ریڤاڵدۆ داواكارییه‌كی له به‌رپرس و راهێنه‌رانی بارسێلۆنا هه‌یه
ریڤاڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پێشووی بارسێلۆنا له لێدوانێكدا داوا له ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری بارسێلۆنا ده‌كات نابێت به ته‌نیا پشت به لیۆنێل مێسی ببه‌ستێت.
ریڤاڵدۆ كه ئێستا باڵیۆزی بارسێلۆنایه و پێشتر وه‌ك یاریزان له نێوان ساڵانی 1997 تا 2002 یاری بۆ بارسێلۆنا كردووه.
ریڤاڵدۆ پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر تۆتێنهام جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موو یاریزانه‌كان هیوایه‌كانیان له‌سه‌ر مێسی هه‌ڵبچنن، هه‌رچه‌نده من زۆر به مێسی سه‌رسامم و زۆریشم خۆشده‌وێت.
ده‌شڵێت: پێویسته ڤاڵڤێردی و یاریزانه‌كان بیر بكه‌نه‌وه كه بۆچی 3 یارییه له‌سه‌ریه‌ك ناتوانن تامی بردنه‌وه بكه‌ن، هه‌موویان به یه‌ك ئاست و ئه‌ندازه به‌رپرسیاریه‌تیان له‌سه‌رشانه، چونكه ئه‌گه‌ر به كۆمه‌ڵ به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵنه‌گرن، ناتوانن سه‌ركه‌وتوو بن و مێسی به ته‌نیا سووپه‌رمان نییه و له یاریكردن هیچ گره‌نتییه‌ك نییه.
ریڤاڵدۆ گوتیشی: پێویسته یاریزانه‌كان بارسێلۆنا له چامپیۆنزلیگ هۆشیاربن و زیاتر هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تی بكه‌ن، چونكه ئه‌م پاڵه‌وانێتییه زۆر جیاوازه له لالیگا، به‌و پێیه‌ی له خولی ئیسپانیا ئه‌گه‌ر یارییه‌ك بدۆڕێنیت یان خاڵێك له‌ده‌ست بده‌یت ده‌رفه‌تی قهرهبووكردنهوهت هه‌یه، به‌ڵام له چامپیۆنزلیگ هه‌ر یارییه‌ك بدۆڕێنیت خراپ به‌سه‌رت ده‌شكێته‌وه.