"مێسی دژایه‌تی خۆی بۆ یاریزانێكی یانه‌كه‌ی راگه‌یاند"
"نێوانیان تێكچووه و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كتر پچڕاوه"
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا ئاشكرای كردووه كه به‌هۆی ئه‌و هه‌موو گله‌ییه‌ی مێسی له به‌رگریكارانی كردووه، نێوانی له‌گه‌ڵ جیرارد پیكێ تێكچووه كه له‌م 3 یارییه‌ی رابردوو به هۆكاری ئه‌نجامه خراپه‌كانی بارسێلۆنا تاوانبار كراوه.
پرۆگرامی ته‌له‌ڤزیۆنی (چیرنگیتۆ)ـی ئیسپانیا كه هه‌میشه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ی هه‌میشه زۆرترین زانیاری بڵاو ده‌كاته‌وه، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه پیكێ به‌هۆی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له لایه‌ن مێسی لێیكراوه توڕه بووه.
به گوێره‌ی پێگه‌ی ئاسی ئیسپانیا، مێسی له دوایین یاری خۆیان به‌رامبه‌ر بلباو له ژووری جلگۆڕینی یاریزانان به به‌رگریكارانی گوتووه ناكرێت له دوای 7 گه‌ڕ، 8 گۆڵمان لێ بكرێت و پێویسته هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تی بكه‌ن و به خۆتان دابچنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی روونكردۆته‌وه كه پیكێ به مێسی گوتووه نابێت له دوای یارییه‌كان قسه له باره‌ی بارسێلۆنا بكه‌یت و لێدوانی زۆر بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاند بدات، له به‌رامبه‌ردا مێسی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و پێی راگه‌یاندووه هه‌م وه‌ك یاریزانێك ئه‌و مافه‌م هه‌یه و هه‌میش وه‌ك كاپتنی تیپ ئه‌و سهربهستییهم هه‌یه كه قسه بۆ میدیاكان بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی خستۆته ڕوو، بۆ یه‌كه‌مجار نێوانی مێسی و پیكێ تێكچووه و گه‌یشتۆته ڕاده‌یه‌ك كه به هیچ جۆرێك قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كه‌ن.
