لەوەتەی 2007وە بۆیەکەمجار ریال مەدرید تووشی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە
سێ یارییە لەسەر یەکتری ریال مەدرید ناتوانێت گۆڵ بکات
دوای یارییەکەیان بەرامبەر سیێسکا مۆسکۆ، کە ریال مەدرید لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا، جولیان لۆپیتێخی و یاریزانەکانی باسی هۆکاری گۆڵنەکردنی یانەکەیان کرد، کە سێ یارییە لەسەر یەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان ریال مەدرید ناتوانێت گۆڵ تۆمار بکات، کە لەوەتەی2007وە یەکەمجارە ئەمە بەسەر یانەکە دێت.
دوای یارییەکە لۆپیتێخی گوتی 'بەداخەوە ئەمشەو بەخت یاوەرمان نەبوو، سێ چوار جار تۆپمان لە ستوونی تیپی بەرامبەر دا، یاریزانەکان ئەوەی لە توانایان دابوو ئەنجامیان دا، بەڵام بەداخەوە لە سەرەتاوە ئەوان گۆڵێکیان کرد و دواتریش بەخت لەگەڵمان نەبوو ئەنجامەکە بگۆڕین'. هەروەها گوتیشی 'دڵنیام ئێمە دەتوانین ئەم دۆخە بگۆڕین و گۆڵ بکەین، کەریم بێنزێما لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بە باشی دەستپێکرد و دڵنیام دەتوانێت گۆڵ بکات و متمانەی تەواوم بە تواناکانی هەیە، تەنیا ئەویش بەرپرسیارەتی گۆڵ نەکردن لە ئەستۆ ناگرێت'.
تۆنی کرووسیش لەبارەی کێشەی یانەکەی گوتی 'وەکو دوو یاریی پێشوو، ئەمشەویش ئێمە هەلێکی زۆری گۆڵکردنمان بۆ رەخسا، بەڵام جارێکی دیکە نەمانتوانی گۆڵ بکەین، بەڵام پیویستە ئێمە رووبەڕووی ئەم کیشەیە ببینەوە و چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە. ئێمە لەسەر کارەکانمان بەردەوام دەبین و سەرکەوتوو دەبین لە گۆڵتۆمارکردن'.
کەیلۆر ناڤاسیش رەتیکردەوە رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووبێتە هۆی کیشەی گۆڵنەکردنی ئێستای یانەکەی و رایگەیاند 'بەری خۆر بە پەنجە ناگیرێت، راستە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ ئێمە چەندان گۆڵی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو بووەتە رابردوو، دڵنیام هێرشبەرەکان دەتوانن گۆڵ بکەن و ئێمە لەسەر هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هێرشبەرەکانمان هەموو هەوڵ و کۆششێک دەکەن'.
ریال مەدرید دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە سێڤییا دۆڕا، ئەم هەفتەیەش بەبێ گۆڵ لە دێربی مەدرید لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسان بوو، بەرامبەر سیێسکا مۆسکۆش نەیتوانی گۆڵ بکات و دوای 11 ساڵ یەکەمجارە ریال مەدرید سێ یاریی لەسەر یەکتری نەتوانێت گۆڵ بکات.