کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستدرێژی کردووەتە سەر خانمـیکی ئەمریکی؟
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تویتەر بە تووڕەییەوە ئەو تۆمەتە بەدرۆ دەخاتەوە
دوای نۆ ساڵ خانمێکی ئەمریکی هاتووە دەڵێت، لە یۆنیۆی 2009 لە هۆتێلێک لە لاس ڤێگاس کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەستدرێژی سێسکی کردووەتە سەرم و ئەو خانمە 34 ساڵانە سکاڵای لەسەر هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە تۆمارکردووە.
پۆلیسی لاس ڤێگاس لەسەر ئەم کەیسە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە کە کۆتایی مانگی رابردوو ئەم کەیسە لەلایەن گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانییەوە وروژێنرا، ئێستاش دەستەی پارێزەرانی ئەو خانمە ئەمریکییە داوای قەرەبووکردنەوە لە هێرشبەرەکەی یۆڤێنتۆس دەکەن و دوای تۆمارکردنی سكالاکەیان لە ئەمریکا پرێس کۆنفرانسێکیان کرد.
لێسلی ستۆڤال، سەرۆکی دەستەی پارێزەرانی خانمە ئەمریکییەکە لە پرێس کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند 'ئێمە سکڵای خۆمان لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆمارکردووە و دەبێت لە ماوەی ٢٠ رۆژدا کریستیانۆ وەڵامی سكاڵاکەمان بداتەوە، کاترین مایۆرگا بەهۆی ئەوەی دەستدرێژی کراوەتە سەر، لەم هەشت نۆ ساڵە دواییدا لە رووی دەروونییەوە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر هەبووە و ساڵانێکی سەختی بەڕێکردووە و کریستیانۆ لەو شەوەدا یازدە سەرپێچی کردووە'.
دوای پرێس کۆنفرانسەکە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەرز هاتە سەر خەت و لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر تۆمەتەکانی ئەو خانمە ئەمریکییەی رەتکردەوە، لە تویتەکەی نووسیویەتی 'بە تووندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەمەوە کە رووبەڕووم کراونەتەوە، دەستدرێژی سێکسی بە تاوانێکی قێزەون دادەنێم، دژی هەموو ئەو بیر و باوەڕانەیە کە من هەمە'، رۆناڵدۆ پێیوایە ئەو خانمە ئەمریکییە دەیەوێت بەهۆی ئەوەوە خۆی بەناوبانگ بکات.
خانمە ئەمریکییەکە بە گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی گوتووە، نۆ ساڵ لەومەبەر کریستیانۆ شەوێکیان سەمای لەگەڵ کردووە و دواتر داوای سێکسی لێکردووە، گەرچی ئەو رازی نەبووە، بەڵام دۆن دەستدرێژی کردووەتە سەری.
گەرچی لە 2010 کریستیانۆ 375 هەزار دۆلاری لە بەرامبەر بێدەنگکردنی بەو خانمە داوە، بەڵام ئێستا لە رێگای پارێزەرەکانی جارێکی دیکە کاترین مایۆرگا سکاڵای لەسەر کریستیانۆ تۆمارکردووە و داوای قەرەبووکردنەوەی لێ دەکات.
کریستیانۆ باوکی چوار منداڵە و لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێزی خۆشەویستی دەژیت و جگە لەو دوو منداڵەی لە جۆرجینا رۆدریگێز هەیەتی، تاکو ئێستا نازانرێت دایکی جۆنیۆر و منداڵەکەی دیکە کێیە.