لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی لە یاریی لوتکەی پرێمەرلیگ بەیەک دەگەن

پێش ئەوەی سەیریی یارییەکە بکەی ئەم زانیارییانە بزانە

نووسینی: سەردار جەبار

 

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 06:30 بەکاتی باشووری کوردستان جەنگی ئانفێڵد دەستپێئەکات، واپێشبینی دەکرێت زۆربەی چاوەکان بچنەسەر ئەم یارییە بەو پێیەی ململانێی وەرگرتنی پلەی یەکەمی خولەکەیە ،ھەروەھا تواندنەوەی بەستەڵەکی کڵۆپە لەلایەن پێپ گواردیۆلا .

 

شەڕ لەسەر پێشەنگایەتی پرێمەرلیگ

پێش ئەم یارییە مانچێستەر سیتی بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ پێشەنگی پرێمەرلیگی گرتووە، لیڤەرپوولیش بەهەمان شێوە 19 خاڵی هەیە، بەڵام مان سیتی بە جیاوازیی گۆڵ لە پێشەوەی لیڤەرپوول دێت، هەردوو یانە هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە، شەش بردنەوە و یەکسانبوونێکیان بەدەستهێناوە.

مانچێستەر سیتی بە تۆمارکردنی 21 گۆڵ خاوەنی بەهێزترین هێلی هێرشبردنی خولەکەیە، کچی هێرشبەرانی لیڤەرپوول 15 گۆڵیان کردووە، هەردوو یانەش بەهێزترین هێلی بەرگریییان لە پرێمەرلیگ هەیە و تەنیا سێ گۆڵیان لێکراوە.

 

راستییەکانی یارییەکە:

ـ لەوەتەی پیپ گواردیۆلا دەستیداوەتە کاری ڕاھێنەرایەتی بەردەوام کڵۆپ ڕاھێنەرە ئەڵمانییەکە بۆتە بەربەستی قوورس بۆی، بەدرێژایی دە ساڵی ڕابردوو یۆرگن تاکە ڕاھێنەر بووە زۆرترین کێشەی بۆ پیپ دروستکردووە. ئەو دوو ڕاھێنەرە 14 جار بەریەککەوتوون گواردیۆلا 5 یاری لەکڵۆپ بردۆتەوە و 8 یاری پێدۆڕاندووە ،لەیەک یاریدا یەکسان بـوونە.

  • ڕێدز لەدوا سێ یاریدا نەیتوانیوە سەرکەوتن بنووسێتەوە لەسەرجەم پاڵەوانەتییەکاندا بەجۆرێک یەکسانبوونێک و دوو دۆڕان بەشی بـووە، لەجامی ڕابیتە بەچێڵسی دۆڕا و دواتر لەپرێمەرلیگ لەگەڵی یەکسان بوو و لەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاش بە کەتیبەکەی ئانچیلۆتی کە ناپۆلیە دۆڕا.
  • - لیڤەرپوول لەوەتەی 2003 لە یاریگەی خۆی بە مانچێستەر سیتی نەدۆڕاوە، 12 بردنەوە و 5 بەرامبەربوونی لەم ماوەیە بەدەستهێناوە.
  • - مانچێستەر سیتی لە 2018 سێ یاریی بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕاندووە، لە یەنایەر لە پرێمەرلیگ یارییەکی پێ دۆڕاند، لە چامپیۆنزلیگیش لە مانگی ئەپڕێل لە دوو یاریی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووبوونەوە و مان سیتی لە هەردوو یاریی دۆڕا.

شەڕی عەرەبەکان (سەڵاح و محرەز) 

محەمەد سەڵاحی مسڕی ئاستێکی نایابی لەگەڵ سورپۆشەکانی ئانفێڵد پێشکەش کرد ناوی لەسێ باشترینەکانی خەڵاتەکانی زەبێست و باشترینی ئەوروپا بوو ھەروەھا بەباشترینی پرێمەرلیگ دەستنیشانکرا ، پێشتر محرەزی ھاوزمانی و یاریزانی جەزائیری یانەی مان سیتی لەگەڵ یانەی پێشووی لێستەر سیتی بەباشترینی خولی ئینگلیزی دیاریکراوە.

بەچکە فیرعەونەکە بەسەر ھاوزمانەکەی سەرکەوتووە لەدوو یاری وەرزی ڕابردوو کاتێک ڕیاز لە لێستەر یاریدەکرد ھەردوو یارییەی بەلێڤەرپووڵ دۆڕاند و سەڵاحیش سێ گۆڵی تۆمارکرد

ململانێی ئەو دوو ئەستێرە عەرەبە بەشێکی لەجەنگی سبەی و بەڵام دیار نییە ئاخۆ محرەز ناوی لەپێگەی سەرەکی دەبێت یاخود نا.