مارسیلۆ بەهۆی پێکانەوە گومان لە بەشداریکردنی لە کلاسیکۆ دەکرێت
مارسیلۆ: خەریکبوو قاچم بشکێت
مارسیلۆ لە یاریی بەرامبەر ڤیکتۆریا پلزن تووشی پێکان بوو، گەمان دەکرێت بتوانێت بەشداریی یاریی کلاسیکۆ بکات.
لە دوا خولەکەکانی یاریی نێوان ریال مەدرید و ڤیکتۆریا پلزن لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ کە ریال مەدرید 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، مارسیلۆ تووشی پێکان بوو، بە چاوی بەفرمێسکەوە یاریگەی بەجێهێشت و یارییەکەی پێ تەواو نەکرا.
دوای یارییەکە، مارسیلۆ کە لە یارییەکە گۆڵی دووەمی ریال مەدریدی کرد رایگەیاند، خەریکبوو بەهۆی ئەو لێدانە بەهێزەی بەرم کەوت قاچم بشکێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا باشم، پێویستە چەند پشکنینێکم بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانین پێکانەکەم چۆنە'.
بەشێکی میدیاکانی مەدرید پێیانوایە پێکانەکەی مارسیلۆ سووکە و رایانگەیاندووە پێکانەکەی مارسیلۆ تەنیا لێدانێکی بەهێز بوو بەر بەرگریکارە بڕازیلییەکە کەوتووە و هەستی بە ئازار کردووە بۆیە یارییەکەی تەواو نەکرد، بەڵام رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە مارسیلۆ بەهۆی ئەو پێکانەوە 10 رۆژ لە یاریکردن دادەبڕێت و ناتوانێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە یاریی کلاسیکۆ دژی بارسێلۆنا لە یاریگەی کامپ نوو ئامادە بێت.