هاندەران فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ یاریزانی ریال مەدرید لێدا
رۆژنامەی مارکا: بەشێکیان شایستەی ئەوە نین لە کلاسیکۆ درێسی ریال مەدرید بپۆشن
هاندەرانی ریال مەدرید لە دوایین یاریی یانەکەیان فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ یاریزانانی یانەکەیان لێدا و رۆژنامەی مارکای ئیسپانیش بڵاویکردووەتەوە، بە پشتبەستن بە ئاستی یاریی دوێنێ شەویان بەشێکی یاریزانانی ریال مەدرید شایستەی ئەوە نین لە کلاسیکۆ یاریی بکەن.
سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید دوای پێنج یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان شەوی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ 2-1 لە ڤیکتۆریا پلزنی بردەوە، بەڵام هاندەرانی یانەکە و میدیاکانی مەدرید بە تووندی رەخنەیان لە ئاستی یاریزانانی مێرێنگی کرد، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە هاندەران لەبری چەپڵە فیکەبارانی یاریزانەکانی یانەکەیان کرد و دەستەسڕی سپییان بۆ بەرزکردنەوە.
رۆژنامەکانی مارکا و ئاس لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیان رەخنەیان لە ئاستی یاریزانانی لۆس بلانکۆس گرتووە، مارکا لە مانشێتی سەرەکی نووسیویەتی 'دواجار ریال مەدرید 2-1 بردییەوە، بەڵام کەس رازی نییە'. رۆژنامەی ئاسیش نووسیویەتی 'بردنەوە لەگەڵ فیکەی ناڕەزایەتی'.
رۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، ئاسینسیۆ و ئیسکۆ و گاریس بەیل لە یارییەکە خراپترین ئاستیان پێشکەشکراووە، لە راپرسییەکی ماڵپەری مارکادا، هاندەران کەمترین دەنگیان بەو سێ یاریزانە داوە و پێیانوایە شایستەی ئەوە نین لە کلاسیکۆ بەشداریی بکەن.
ئەم دۆخە خراپەی ریال مەدرید لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاتژمێر 06:15ی ئێوارە لە کامپ نوو لە یاریی کلاسیکۆ دەبنە میوانی بارسێلۆنای پێشەنگی خولەکە.

