وێنە و ڤیدیۆ.. کوردێک لە پێناوی سێڵفییەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چارەنووسی خۆی خستە مەترسی
دیلمان بۆ کوردستان24: کریستیانۆ بە پۆلیسەکانی گوت لێیگەڕێن و مۆبایلەکەی لێوەرگرتم و بە دەستی خۆی سێڵفییەکەی گرت
کوڕە کوردێک لەپێناوی سێڵفییەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چارەنووسی خۆی خستووەتە مەترسییەوە و باسی مامەڵەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵی دەکات.
دیلمان خدر وسو ئەو کوڕە کوردەیە شەوی رابردوو لە یاریی نێوان مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی ئامادەبوو، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە لەپێناوی سێڵفییەک لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ چووە ناو یاریگە و سێڵفییەکی لەگەڵ هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە گرت.
دیلمان خدر لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی ئەو سێڵفییەوە گوتی 'دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یاریزانەکانی دیکەی یۆڤێنتۆس چەپڵەیان بۆ هاندەران لێدەدا، دەرفەتێکم وەرگرت و خۆم گەیاندە لای کریستیانۆ، چەند پۆلیسێک هاتن منیان دەستگیرکرد، کریستیانۆ هاواری کرد گوتی لێیگەڕێن و لێی پرسیم چیت دەوێت، منیش گوتم من خۆشم دەوێی و دەمەوێت سێڵفییەکت لەگەڵ بگرم، ئەویش داوای مۆبایلەکەی لێکردم و بە دەستی خۆی سێلفییەکەی چرکاند'.
ئەو کوڕە کوردە کە خەڵکی چوارقوڕنەیە و سێ ساڵە لە بەریتانیا دەژی و سەرتاشە، لەبارەی مامەڵەی پۆلیسەوە بە کوردستان24ی راگەیاند، گەرچی من هێشتا هیچ وەڵامێکم لە حکومەتی بەریتانیا وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام هەموو ئاواتی من ئەوە بوو سێڵفییەک لەگەڵ کریستیانۆ بگرم و گوێم بەوە نەدا لەسەر ئەم سێڵفییە چیم بەسەر دێت.
دیلمان کە هەوادارێکی سەرسەختی کریستیانۆیە و بلیتی یارییەکەی لە دەستی دوو بە 300 پاوەند (387 دۆلار) کڕیبوو، دوای یارییەکە لەلایەن پۆلیسی یاریگەی ئۆڵدترافۆردەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەستبەسەرکراوە و لەلایەن بەرپرسانی مانچێستەر یونایتدەوە بۆ ماوەی 10 مانگ سڕکراوە و ناتوانێت لەم ماوەیەدا بچێتە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، ئەو هاندەرەی بلیتەکەشی بە دیلمان فرۆشتووە تاهەتایە لەلایەن بەرپرسانی یاریگەوە سڕکراوە و بۆی نییە هەرگیز بچێتەوە یاریگەکە.
جگە لە کوڕە کوردەکە، لە یاریەکەی مان یونایتد و یۆڤێنتۆس کە یانە ئیتاڵییەکە بە گۆڵێکی پاولۆ دیبالا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوو کەسی دیکەش هاتنە ناو یاریگە و ئەگەر هەیە لەسەر چوونە ناو یاریگەی کوڕە کوردەکە و دوو کەسەکەی دیکە یانەی مانچێستەر یونایتد لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا تووشی لێپێچینەوە بێت.




