ریال مه‌درید پێویسته‌ بۆ كلاسیكۆ ئه‌م 5 گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكات

"ئه‌گه‌ر ریال مه‌درید ئه‌م گرفتانه‌ بنبڕ نه‌كات له‌ دۆزه‌خی كامپ نوو ده‌سووتێت"

ریال مەدرید پێویستە بۆ کلاسیکۆ چارەسەری ئەم پێنج خالە لاوازانە بکات

 بریارە یەکشەممەی داهاتوو لە یاری کلاسیکۆ بارسێلۆنا لە کامپ نۆ پێشوازی لە ریال مەدرید بکات، بەڵام ئەمجارەیان کلاسیکۆیەکی تەواو جیاواز لە 11 ساڵی رابردوو، ئەویش بەشداری نەکردنی لیۆنێل میسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.

شاهانەکان ئەم وەرزە ئاستێکی خراپیان پێشکەش کردووە، هەرچەندە هۆکارەکان زۆربەیان بۆ جولیان لوپتیخێ راهێنەر ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، بەڵام یاریزانانی ئەم یانەیەش بێ بەش نین لە ئەنجامە خراپەکان و پێنج هۆکاری سەرەکیش هەن کە پێویستە ئەم یانەیە بۆ کلاسیکۆ چارەسەرییان بکات، ئەگەر بیانەوێت جیاوازی خاڵەکانیان لەگەڵ بلاوگرانا زیاتر نەبێت.

یەکەم: رێکخستنی هێڵی بەرگری

ریال مەدرید لە کۆی 13 یاری ئەم وەرزەیان 20 گۆڵیان کردووە و لە بەرامبەردا 15 گۆڵیان لێکراوە، ئەم یانەیە لە یاری ئەم هەفتەیە بەرامبەر ڤیکتۆریان پلزن لە چامپیۆنزلیگ 10 دەرفەتی گۆڵ کردنیان بە یاریزانانی بەرامبەردا، کە بەرهەمیان یەک گۆڵ بوو. بەرگریکارانی مێرنگی لەم وەرزەدا ئاستێکی باشیان نیە و هۆکارەکەش بۆ دەست نیشانکردنی یاریزانی ئامادە دەگەڕێننەوە، یەکێک لە هۆکارە دیارەکانیش ئەوەیە کە لوپتیخێ لە یاری رابردووی چامپیۆنزلیگ لە هێڵی بەرگری و باڵی راست لە شوێنی دانی کارڤاخاڵ، لوکاس ڤازکێزی بەشداری پێکرد، کە ئەم یاریزانە زۆر نا ئاشنایە لەگەڵ ئەم شوێنه‌.

لەلایەکی دیکەوە بەرگریکارانی ناوەڕاست لەم وەرزەدا خێراییەکی کەمیان هەیە و ئەمەش وایکردووە کەمتر یارمەتیدەری یەکتر بن و زۆر جار بینراوە کە لە هێرشە هەڵگەڕاوەکان نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی یاریزانی بەرامبەر بکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە کاسێمیرۆ کە زیاتر هەوڵی تێکدانی هێرشەکانی بەرامبەر دەکات، لەم وەرزەدا نەیتوانیوە ئەرکەکەی بە باشی جێبەجێ بکات و هەروەها سێرخیۆ رامۆسی سەرکردەش زیاتر لە وەرزەکانی رابردوو تووشی هەڵە دەبێت.

دووەم: یاریزانانی باڵی بەرگری زیاد لە پێشەوەن

هەردوو باڵەکانی ریال مەدرید لە هێڵی بەرگری ئەم وەرزە زیاد لە پێشەوەن و کەمتر یارمەتی بەرگریکارەکان دەدەن، بۆ نموونە لە یاری رابردوویان مارسێلۆ لە باڵی چەپ و ڤازکێز لە باڵی راست، ئەوەندەی لە ناو هێڵی سزای تیپی بەرامبەر بوون، ئەوەندە لە ناو هێڵی سزای خۆیان نەبوون. ئەمەش وایکرد کە یاریزانانی بەرامبەر زۆرتر دەرفەتیان لە لاکان بۆیان دروست ببێت و فشار بخەنە سەر گۆڵی ریال مەدرید و بەرگریکارەکانی ناوەڕاستیش زیاتر تووشی ماندوو بوون دەبوون.

سێیەم: ناوەڕاستکاران ریتم  و باڵانسی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌

کاسێمیۆر، لوکا مۆدریچ و توونی کروس، ئەم سێ ناوەرستکارە وەرزی ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستیان دابەزیوە و نەیانتوانیوە وەکو رابردوو سەرکردایەتی یانەکەیان بکەن و ریتمێکی دروستیش بە یانەکەیان بدەن، بۆیە بە روخانی کەسایەتی ئەم سێ یاریزانە، پێکهاتەی مێرنگی تووشی گرفتێکی زۆر بۆتەوە. لە کۆی یارییەکانی ئەم وەرزەی سێ ناوەڕاستکارەکەی مێرنگی زۆر بە کەمی بینراوە کاتێک تۆپ لە کۆنترۆلیان دەردەچێت توانیبێتیان بە خێرایی تۆپەکە وەربگرنەوە، هەربۆیە تەواوی کێشەکان لای ئەم سێ یاریزانە سەر هەڵدەدات.

چوارەم: فشار خستنە سەر یاریزانانی بەرامبەر

جولیان لوپتیخێ زۆر کار لەسەر ئەوە دەکات کە لە یاریگەی بەرامبەرەوە فشار (پرێس) دروست بکات، بەڵام یاریزانانی نەیانتوانیوە ئەم کارە بکەن و بە دەگمەن فشاریان لەسەر یاریزانانی بەرامبەر هەبووە، بەم هۆیەوە دەبینرێت کە فشار هێنانی یاریزانانی ئەم یانەیە بۆ سەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر، زیاتر بە ناچاری بوو بێت. هەر یەکە لە کەریم بێنزێما و گاریس بەیلیش کە زیاتر بیریان لای تۆمار کردنی گۆڵە، ئەوانیش نەیانتوانیوە لە پێشەوە کارێکی وا بکەن کە رێگە بە یاریزانانی بەرامبەر نەدەن یارییەکە رێکخراوەیی بکەن.

پێنجەم: هەڵەی تاکە کەسی لە بەرگری و هێرشبردن

بێجگە لەم هەموو هۆکارانە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەنجامە لاوازەکانی ریال مەدرید بۆ هەڵەی تاکەکەسی دەگەڕێننەوە. یاریزانانی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵ تووشی هەڵەی زۆر بونە، بۆ نموونە هەڵەکەی مارسێلۆ لە یاری سووپەری ئه‌ورووپا، ڤاران بەرامبەر لیڤانتی، كۆرتوای گۆلپارێز بەرامبەر ئالاڤێس، سێرخیۆ رامۆس بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید، سێڤییا و ڤیکتۆریا پلزن و کۆتاییشیان تۆنی کرووسی ناوەڕاستکار کە لە یاری بەرامبەر سیێسکا مۆسکۆ بووە هۆی دۆڕانی تیپەکەی.

بێجگە لەمانەش ئەم وەرزە یاریزانانی ریال مەدرید ئاماری گۆڵکردنیان باش نەبووە، ئەوان وەرزی رابردوو تا ئەم کاتە 27 گۆڵیان تۆمار کردبوو، بەڵام ئەم وەرزە تەنها 20 گۆڵیان تۆمار کردووە، یاریزانانی مێرنگی ئەم وەرزە بۆ تۆمار کردنی گۆڵێک، پێویستیان بە سێ شووت هەبووە.

لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە چوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم یانەکە کاریگەری هەبووە، چونکە وەرزەکانی رابردوو ئەگەر شاهانەکان ئەم کێشانەی هەبوو بێت، بەڵام هەمیشە دۆن بۆتە هۆی ئەوەی کە کێشەکان بە شاراوەیی بمێننەوە، بۆیە ئێستا کە ئەو یاریزانە لەو یانەیە نەماوە، بەرپرسانی و راهێنەرانی ئێستا و داهاتووی ریال مەدرید، سەرەکیترین چارەسەریان دەبێت ئەرکەکانی رابردووی رۆناڵدۆ بێت.