سەگێک بە سەختی دایک و کچێک برینداردەکات
کچەکە چاوەڕێی پاسی قوتابخانە بووە
K24- ههولێر:
سەگێکی جۆری پیتبوڵ هێرشدەکاتە سەر کچێکی تەمەن 8 ساڵ و دایکی لە شاری کەرشەهری تورکیا و برینداریان دەکات.
هاتیکی تەمەن 8 ساڵ چاوەڕێی پاسی قوتابخانەبووە کاتێک دوو سەگ کە یەکێکیان سەگی ماڵی پیتبوڵ و ئەو دیکەیان سەگێکی بەڕەڵایە هێرشدەکەنە سەری، کاتێک سەگەکان هێرشدەکەنە سەری کچەکە دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە ماڵەوە، بەڵام لە رێگا دەکەوێت و پیتبوڵەکە ددانەکانی لە سەر و قژی گیردەکات.
قیژە و هاواری منداڵەکە، دایکی ئاگادار دەکاتەوە و بەهانایەوە دەچێت، بەڵام تەواوی هەوڵی دایکەکە بێسوود دەبێت، تا دێت سەگەکە دڕندانەتر کچە برینداردەکات.
دواتر، چەند کەسێکی دیکە بە هەنای ئەو کچ و دایکەوە دێن و رزگاریان دەکەن، راستەوخۆش هەردووکیان لە رێگای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.
بەهۆی هەڵکەندنی بەشێک لە پێستی سەری کچەکە، پزیشکان ناچاربوون پێستی بەشێکی دیکەی جەستەی ئەوکچە لێبکەنەوە و بیکەن بەسەرییەوە تاکو دووبارە قژی کچەکە بەشێوەیەکی رێک و پێک بڕوێتەوە.
دایکی کچەش جووڵەی دەستی لەدەستداوە و پزیشکان سەرقاڵی چارەسەرکردنین چونکە سەگەکە ئەو کاتە وازی لەکچەکە هێنا کە هێرشیکردە سەر دایکی.
باوکی هاتیک دەڵێت جیا لە زیانەکانی سەر جەستەیان، ژن و منداڵەکەی لە بارێکی دەروونی خراپدان، بۆ ئەوەش سکاڵای یاسای لەسەر خاوەنی سەگە پیتبوڵەکە تۆمارکردووە، داواش دەکات ئەو جۆرە سەگە لە وڵات قەدەخەبکرێت.
لە ئێستادا پۆلیس خاوەنی سەگەکەی دەستگیرکردووە و سەگەشیان بۆ شێڵتەری ئاژەڵان گواستۆتەوە.

سەرچاوە: دەیلی مەیل
H.J