لافاو زیانی بە گوندەکانی پشدەر و قەندیل گەیاندووە

زیانی لافاوەکەی دوێنێ شەو ئاشکرادەکرێت

K24- هه‌ولێر:
شەوی رابردوو بەهۆی باران بارین و دروست بوونی لافاو لە بەشێک لە گوندەکانی پشدەر و بناری قەندیل چەندین خانووی هاوڵاتیان روخاون و لە سەنگەسەریش هاووڵاتییەک لافاو بردوویەتی، بەڵام کەس و کارەکەی دوای دوو کاتژمێر هەوڵدان رزگاریان کردووە .

محەمەد عەبدوڵڵا دانیشتووی بناری قەندیلە و بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە گوندەکانی دۆڵی سورەدێ شەوی رابردوو لافاو 15 خانووی هاووڵاتیانی روخاندووە و دوو پردیشی وێران کردووە، هەر  بەهۆی لافاوەوە دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان ئاو بردوویەتی".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دەربەندی رانیە ئاوی لافاو ژمارەکی زۆر داری وشکی لەگەڵ خۆی هێناوەو لە بەرەباینەوە هاووڵاتیان دار کۆدەکەنەوە .

هەر دوێنێ شەو،  به‌ هۆى بارانبارينى زۆره‌وه‌ له‌ سنوورى شاره‌دێى سيده‌كان 3 پرد داڕووخان و 10 باخچه‌ و ره‌ز و باخى هاووڵاتيان زيانيان به‌ركه‌وتووه‌. له‌ حاجى ئۆمه‌رانيش پردێك داڕووخا و ماڵى حه‌وت هاووڵاتيش ژێر ئاو كه‌وت.

H.J