سووریا: کارکردنی ئیسرائیل لەسەر هێڵی "سۆفا 53" پێشێلکردنی رێککەوتنی 1974ـە

"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دابنێت"

وەزارەتی دەرەوەی سووریا هۆشداریی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوەی دەستدرێژی و بەزاندنە مەیدانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و، داوای گرتنەبەری رێکاری توند و بەرپەرچدەرەوەی کرد بۆ راگرتنی ئەم کردەوانە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.

یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لە راگەیەنراوێکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی کرد کە لە لایەن داگیرکاریی ئیسرائیلەوە دژ بە سەروەریی خاکی سووریا ئەنجام دەدرێن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوایین هەنگاو و پێشلێکاری ئیسرائیل بریتی بوو لە تەواوکردنی کارکردن لەسەر پڕۆژەی ناسراو بە هێڵی "سۆفا 53"، کە ئەمەش بەزاندنێکی ئاشکرا و زەقی رێککەوتننامەی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974ـە و پێشێلکردنێکی روونی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە.

وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە، کە بەردەوامبوونی ئەم رێبازە دوژمنکارییەی ئیسرائیل و ئەو دەستدرێژی و هاتنەوە پێشەوەی بۆ ناو خاکی سووریا، هەڕەشەیەکی راستەوخۆ و مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دەبنە هۆی لاوازکردن و پێشێلکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی؛ هەربۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە پێویستە رێکاری پێشپێگرانە و بەرپەرچدەرەوەی بە پەلە بگرنەبەر بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم جۆرە کردەوانە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سووریا پێداگریی خۆی لەسەر مافی رەوا و شەرعیی خۆی دووپات دەکاتەوە لە پیادەکردنی سەروەریی تەواوەتی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا، بە پێی پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت لە پاراستنی سەروەریی وڵاتان و رێزگرتن لە پیرۆزیی سنوورەکانیان و نەهێشتنی هەڕەشەی دەستدرێژیکاران لە تێکدانی ئاشتیی هەرێمی.