سێ خێزان له لۆفه‌كانی كورته‌ك گیریان خواردووه و داوای به‌هاناوه چوون ده‌كه‌ن
له كاتژمێر 5ی ئێواره‌وه گیریان خواردووه
K24 - هه‌ولێر:
سێ خێزان كه له شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له سه‌ر رێگه‌ی گوندی ئێندزێی نزیك لۆفه‌كانی كورته‌ك گیریان خواردووه و رێگه‌ی دهربازبوونییان نه‌ماوه.
ده‌رباز زرار، كه له بنه‌ڕه‌تدا دانیشتووی قه‌زای سۆرانه، یه‌كێكه له‌وانه‌ی ئێستا له‌و شوێنه‌ن و گیریان خواردووه، بۆ وێبسایتی كوردستان 24 رایگه‌یاند، ئه‌وان له ئاهه‌نگێكی ماره‌بڕین هاتوونه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له لۆفه‌كانی كورته‌ك به‌سه‌ر كه‌وتوون، به‌هۆی بارانی به خوڕ، لافاو درووستبووه و به‌رد و قوڕ و لیته‌ی هێناوه‌ته سه‌ر رێگا و رێگاكه‌یان گیراوه، دواتریش ویستوویانه بگه‌ڕێنه‌وه به هه‌مان شێوه رێی گه‌ڕانه‌وه‌شیان نه‌ماوه.
به گوێره‌ی گوته‌كانی ده‌رباز، ئه‌وان نزیكه‌ی 25 بۆ 30 كه‌س ده‌بن و له كاتژمێر 5ی ئێواره‌وه له‌وێ گیریان خواردووه، هاوكات ژن و منداڵیشیان له‌گه‌ڵه و داوای به هاناوه‌چوون ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وان ئێستا له نزیك گوندی ئێندزێن و له لۆفه‌كانی كورته‌ك به‌سه‌ر كه‌وتوون، به‌ڵام له كاتی گه‌ڕانه‌وه رێگه‌ی لۆفهكانییشیان لێ گیراوه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌و سنووره سه‌ر به ناوچه‌ی "هه‌رێمی میدیایه" گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ش رێگه به ده‌سه‌ڵاته ئیدارییه‌كان ناده‌ن بچنه ناوچه‌كه، له رووی ئیداریشه‌وه ناوچه‌كه سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ری قه‌زای رانیه‌ی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕینه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ تیمێك بۆ پاككردنه‌وه‌ی رێگاكه نه‌چوونه‌ته ناوچه‌كه.
به‌هۆی بارانی به خوڕ و درووستبوونی لافاو له ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی، برادۆست و بناری قه‌ندیل، هاتووچۆی نێوان ژماره‌یه‌ك گوند په‌كیان كه‌وتووه و قائیمقامیه‌تی قه‌زای سۆرانیش هۆشداری دایه هاووڵاتییان، كه به‌هۆی بارانه‌وه "رێگای گشتی سۆران، حاجی ئۆمەران، چۆمان و ڕێگای پردی حافیز دۆلی خانەقا و وەرتێ و رانیە سەلامەت نيیە بۆ ھاتووچۆ".
هاوكات داوای له هاووڵاتییانیش كرد، تا ره‌وشه‌كه باشتر ده‌بێته‌وه، هاتووچۆ نه‌كه‌ن.
ئ. م