حه‌وت هۆكار بارسێلۆنا له‌ بردنه‌وه‌ی كلاسیكۆ نزیك ده‌كاته‌وه‌

ئه‌م یاریزانه‌ دڵنیایی سه‌ركه‌وتنی به‌ هه‌وادارانی بارسێلۆنا به‌خشیوه‌

 یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی ئەم هەفتەی تۆپی پێ جیهانی بێگومان ئێل کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەبێت و ئەم دوو زلهێزەی ئیسپانیا جارێکی دیکە روبەرووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام ئەمجارەیان کلاسیکۆیەکی تەواو جیاواز دەبێت، بە هۆی ئەوەی کە لیۆنێل میسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری ناکەن.

هاندەرانی بارسێلۆنا سەرەرای ئەوەی کە ئەستێرەی یەکەمی یانەکەیان واتە میسی بەشداری یارییەکە ناکات، بەڵام ئەوان گومانیان لە تواناکانی یاریزانەکانی دیکە نییە، بە تایبەت لە یاری رابردوویان بەرامبەر ئینتەر میلان لە چامپیۆنزلیگ ئەوان سەلماندوویانە کە بە بێ لیۆش ئەوان توانای بردنەوەیان بەرامبەر هەر یانەکەیەک هەیە و چەند هۆکارێکیش هەن کە هاندەرانی بلاوگرانا بە بردنەوەی یانەکەیان بەرامبەر مێرنگی گەشبین بن.

یەکەم: لویس سوارێز سەرکردایەتی دەکات

لویس سوارێز لە یاری بەرامبەر ئینتەر میلان توانی بە باشی شوێنی لیۆنێل میسی پڕ بکاتەوە، ئەم یاریزانە ئۆروگواییە لە ناوەراستی یاریگەوە هەموو ئەو بۆشاییانەی پڕ کردەوە و نەیهێشت کە نەبوونی لیۆ کاریگەری هەبێت، هەروەها ئەم یاریزانە با ئاسیستێکی جوان بووە هۆکاری ئەوەی کە گۆڵی یەکەمی یانەکەی بکرێت، هەربۆیە هاندەرانی بارسێلۆنا دڵنیان کە سوارێز لە کلاسیکۆش بەم شێوەیە دەردەکەوێتەوە.

دووەم: رافینیا ئامادەیە شوێنی میسی بگرێتەوە

سەرەتا ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری کەتەلۆنیەکان گومانی لە تواناکانی رافینیا ئالکانتارای ناوەڕاستکاری یانەکەی هەبوو، بەڵام دوای پێکانەکەی لیۆ ئەم یاریزانەی بە شێوەیەکی سەرەکی بەشداری پێکرد و ئەم یاریزانەش بە باشی ئەرکەکەی جێبەجێ کرد و توانی لە شوێنی میسی ئەرکەکانی خۆی و پلانەکانی راهێنەرەکەشی جێبەجێ بکات و گۆڵێکیش بۆ یانەکەی بکات.

سێیەم: ناوەڕاستکارێکی بە توانا بەرێوەیە

بە بێ ئامادەبوونی میسی، ڤالڤێردی دەتوانێت بە شێوەیەک هێلی ناوەڕاستی یانەکەی رێک بخات کە زیاتر بتوانن کۆنترۆلی تۆپ و یاری بکەن. یەکێک لەو پلانانەش هەبوونی یاریزانێکی وەکو ئارسەر مێلۆی ناوەڕاستکاری برازیلیە کە ئەم یاریزانە لە یارییەکانی رابردوو سەلماندوویەتی کە دەتوانێت سەرکردەیەکی باش بێت. یاریزانە 22 سالانەکەی بلاوگرانا لە دوایین یاری بیری هاندەرانی یانەکەی لە چاڤی هێناوەتەوە و هاندەرانیش ئاستی ئەم یاریزانەیان زۆر لا پەسەند بووە.

چوارەم: باشترین بەرگریکاری بالی چەپ

هەرچەند لویس ئێنریکێ راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی لارۆخا هەوڵی ئەوەی داوە کە بیسەلمێنێت باڵێکی چەپی باشتر لە جۆردی ئالبا درووست دەبێت، بەڵام ئەم یاریزانە هەموو ئەو بیرۆکانەی راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تێکداوە و سەلماندویەتی کە لە ئەو باشتر بوونی نییە لە ئیسپانیا.

ئالبا له‌ یاری رابردووی به‌رامبه‌ر ئینته‌ر میلان 90 خولەک یاری كرد دواجاریش توانی خۆی بگەینێتە گۆڵی بەرامبەر و تۆرەکەیان بهەژێنێت، ئەو بە هاوکاری لێنگلێت لە هێلی بەرگریش بە باشی توانیان یاریزانێکی وەکو ئیکاردی کۆنترۆل بکەن.

پێنجەم: گەڕانەوەی سێرخیۆ بۆسکێتس

ئەگەرچی ئەو نەیتوانیوە لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی باشترین بێت، بەڵام لەگەڵ یانەکەی بە بەستنی شارەی کاپتنی باشتربوونی خۆی و گەڕانەوەی بۆ سەر ئاستی جارانی پیشاندا و توانی لە یاری رابردووی یانەکەی هەموو هەوڵەکانی ئینته‌ر میلان پوچەڵ بکاتەوە. بۆسکێتس ئەگەر ئامادە و لەسەر خۆ بێت، ئەوا کەمتر رێگە بە یاریسازەکانی بەرامبەری دەدات کارەکەیان بکەن.

شەشەم: هەماهەنگی زیاتر لە نێوان پیکێ و لێنگلێت

لە کۆتاییدا بە یاریکردنی جێرارد پیکێ و کلێمێنت لێنگلێت لە پێکهاتەی سەرەکی و دوای چەند یارییەک کە کارەساتیان درووست دەکرد، ئەم دوو یاریزانە لە یاری رابردوویان بە شێوەیەکی باش هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتری هەبوو و هەموو هەوڵەکانی یاریزانانی بەرامبەریان کۆنترۆل کرد. باشتر بوونی ئاستی لێنگلێت هاوکاری پیکێ کردووە کە ئەویش زیاتر بیر و هۆشی لای خۆی بێت، ئەوان لە کاتێکدا بەرامبەر نێراتزۆری پارێزگارییان لە تۆری گۆڵەکەیان کرد، لە 7 یاری پێشوودا گۆڵیان لێکرابوو.

حەوتەم: تێر شتیگێن و دیوارە پۆلایینیەکەی

هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە تێر شتیگێن ئێستا یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی جیهانە، گۆڵپارێزە ئەڵمانیەکە گەیشتوتە لوتکە و هاورێیانیشی دڵنیا کردۆتەوە کە بۆتە دیوارێکی پۆلایین لەناو گۆڵدا. ئەگەر تێر شتیگێن نەبوایە، لەوانەیە بەرگریکارانی بارسا لە یارییەکانی رابردوو کارەساتیان بەسەر تیپەکەیاندا دەهێنا. ئەو دەتوانێت لە یاری کلاسیکۆ هێرشبەرە نائامادەکانی ریال مەدرید بێ بەش بکات لە تۆمار کردنی گۆڵ.

Fly Erbil Advertisment