خولی نایابی كوردستان رۆژێكی ئاگرینی تێپه‌ڕ كرد
دوو یانه شه‌ڕی پێشه‌نگی خوله‌كه‌یان گه‌رمتر كرد
له گه‌ڕی دووه‌می خولی نایابی كوردستان هه‌فته‌یه‌كی ئاگرین به‌ڕێوه‌چوو، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر دووه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد، ئاراراتیش گۆڵبارانی ئاكرێی كرد، له به‌رامبه‌ردا نه‌ورۆز برینه‌كانی شكستی رابردووی به بردنه‌وه له شێروانه سارێژ كرد.
ئاكرێ 1 ـ 4 ئارارات
یانه‌ی ئارارات هه‌ر زوو شریتی گۆڵه‌كانی بڕی، پاشان یاریزانه پیشه‌گه‌ره ئێرانییه‌كه‌ی ئارارات گۆڵی دووه‌می تۆمار كرد،
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی گێمی دووه‌م، ئاكرێ تاكه گۆڵه‌كه‌ی خۆی له خوله‌كی 47 تۆمار كرد، دواتر یاریزانێكی ئاكرێ به هه‌ڵه گۆڵێكی له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی ئارارات له خۆیان تۆمار كرد، پاشان عه‌لی عه‌زیز له خوله‌كی 90 گۆڵی چواره‌می تۆمار كرد و كۆتایی به فێستیڤاڵی گۆڵتۆمار كردن هێنا، به‌مه‌ش ئارارات به كۆكردنه‌وه‌ی 6 خاڵ و به جیاوازی گۆڵ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه پێشه‌نگی ئه‌م وه‌رزه‌ی گرت.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 1 ـ 0 ده‌ربه‌ندیخان
ئه‌م یارییه له به‌رزارییه‌كانی پیرمام به‌ڕێوه چوو، هه‌رزوو بارز سه‌رتیپ گۆڵی یه‌كه‌می پێشمه‌رگه‌ی تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش سێیه‌مین گۆڵی ئه‌م یاریزانه بوو له 2 یاری ئه‌م وه‌رزه، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به گۆڵێكی خاوێن له به‌رژه‌وه‌ندی پیشمه‌رگه ته‌واو بوو، به‌مه‌ش تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ به كۆكردنه‌وه‌ی 6 خاڵ و به جیاواز گۆڵ له‌گه‌ڵ ئارارات پله‌ی دووه‌می گرت.
هه‌ولێر 1 ـ 0 گازی باكوور
ئه‌م یارییه له یاریگه‌ی دووه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه چوو، گێمی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌ڵام له كۆتاییه‌كانی گێمی دووه‌م و به دیاریكراوی له خوله‌كی 84 هۆگر حوسێن هێرشبه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر گۆڵی یه‌كه‌م و سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌ی تۆمار كرد، له‌م یارییه‌دا گازی باكوور لێدانێكی پێناڵتی له‌ده‌ستدا و له‌م وه‌رزه تووشی یه‌كه‌مین شكست بوو.
دهۆك 1 ـ 0 زێره‌ڤانی
ئه‌م یارییه له دێربی دهۆك به‌ڕێوه چوو، تاكه گۆڵی یارییه‌كه ئیڤان سلێمان له خوله‌كی 14ـی گێمی یه‌كه‌م تۆماری كرد، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی له‌به‌رژه‌وه‌ندی دهۆك كۆتایی هات، زێره‌ڤانی دوای یه‌كسانبوونه‌كه‌ی یاری پێشووی، توووشی یه‌كه‌مین شكست بوو له‌م وه‌رزه، له به‌رامبه‌ردا دهۆك بوونه خاوه‌نی یه‌كه‌مین بردنه‌وه.
شێروانه 1 ـ 2 نه‌ورۆز
ئه‌م یارییه له شارۆچكه‌ی كه‌لار به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا دیار عه‌لی گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ نه‌ورۆز تۆمار كرد، دواتر پێش ئه‌وه‌ی فیكه‌ی كۆتایی گێمی یه‌كه‌م لێ بدرێت هێمن رزگار ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، پاشان له گێمی دووه‌م چۆمان محه‌مه‌د به‌رگریكاری یانه‌ی نه‌ورۆز گۆڵی دووه‌می بۆ یانه‌كه‌ی زیاد كرد و یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنیان به راهێنه‌رایه‌تی خه‌سرۆ گورون له‌م وه‌رزه تۆمار كرد، شێروانه‌ش له‌م وه‌رزه له نێو یاریگه‌ی خۆیان تووشی یه‌كه‌مین شكست بوون.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی 0 ـ 0 زاخۆ
یانه‌ی زاخۆ دووه‌مین یاری ئه‌م وه‌رزه‌ی به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ تێپه‌ڕاند، له به‌رامبه‌ردا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می به‌هۆی كشانه‌وه‌ی برایه‌تی چاوه‌ڕوان بوو، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین یاری ئه‌م یانه‌یه بوو له‌م وه‌رزه كه به خاڵێك له نێو یاریگه‌ی خۆیان رازیبوون.