توێژینەوەیەک هۆشداری لە مەترسییەکانی دڵشکاندن دەدات
کاریگەری تەندروستی زۆری هەیە
.jpg)
K24 – ههولێر:
توێژینەوەیەکی نوێ چەند کاریگەرییەکی لەدەستدانی کەسە نزیکەکان و "دڵشکاندن" ئاشکرادەکات کە مەترسی جددی لەسەر تەندروستی جێدێڵن.
زانکۆی رایس لە ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا توێژینەوەی لەسەر 99 کەس کردووە کە کەسێکی نزیکیان لەدەستداوە، توێژینەوەکەش سوودی لە چەند پشکنینێکی خوێن وەرگرتووە.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی ئاشکراکردووە و تیایدا دەردەکەوێت، ئەو کەسانەی کەسێکی نزیکیان لەدەستداوە، هەوکردنی خوێنیان زیاتر بووە لەو کەسانەی کە هیچ کەسێکیان لەدەست نەداوە.
کریس فاگوندێس، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە بەشی دەروناسی زانکۆکە و سەرۆکی بە دواداچوونەکە لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمە یەکەمجارە توێژینەوەیەک دەریدەخات کە خەمناکی دوای لە دەستدانی کەسێکی خۆشەویست دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیەکانی گیان لەدەستدان".
دەشڵێت: "زیادبوونی رێژەی هەوکردن، خەمۆکی، جەڵدەی دڵ و مردنی پێشوەختە دەبێتە مەترسی بۆ ئەوانەی لەدەستدانی ئازیزێکییان دووچاری نا ئومێدی و خەمییان دەکات".
ئەو توێژینەوەیە ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو کەسانەی هاوسەرەکانیان لەدەستداوە زیاتر دووچاری نەخۆشییەکانی دڵ دەبنەوە و ئەگەری مردنی پێشوەختەیان زیاترە.
ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە لە کاتێکدایە، پێشتر چەند لێکۆڵینەوەیەک ئەوەیان ئاشکراکردبوو، گەر کەسێک لە پەیوەندی سۆزداری شکستبهێنێت، ئەوا جەستەی ئەو کەسە وەک برینێکی فیزیکی مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتە دەکات و زیانی تەندروستی زۆری هەیە.
H.J