ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسند كرا
ئەنجامەكان رەوانەی كۆمسیۆن كرانەوە
K24 - ھەولێر
ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسەند کرد.
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی دادوەری بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوە لە تەواوی تانەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کران و رەوانەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی کرا".
دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە، زۆربەی لایەنە بەشداربووەکان تانەیان لە ئەنجامەکەدا و دوای لێکۆڵینەوە تەواوی ئەنجامەکان پەسەند کران.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. چەند رۆژێك دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، شەوی 20/10/2018، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بڵاوكردەوە. بەپێی ئەنجامەكان پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی دەنگەكانی بە دەستھێناوە.
رۆژی 6/11/2018 ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و کە ئەگەر تا ئەوکات خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.
