پیاوێكی چینی به 650 دۆلار كچه ساواكه‌ی خۆی ده‌فرۆشێت
باوكه‌كه ده‌ڵێت: ناتوانم دوو كچ به‌خێو بكه‌م
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی چین له شاری (یی وو)ی پارێزگای چیج یانگ، پیاوێكی ده‌ستگیركرد كه كچه ساواكه‌ی خۆی به 650 دۆلار فرۆشتبوو.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانیا بڵاویكردووه‌ته‌وه، پیاوه چینیه‌كه ناوی (شیاو هوی لی)ـیه و ته‌مه‌نی 42 ساڵه، له كۆتایی مانگی سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵ، دووه‌م منداڵیان بووه، كه ئه‌ویش هه‌ر كچ بووه، به‌ڵام دوای كه‌متر له مانگێك به بڕی 4500 یوانی چینی (650 دۆلار)، به خێزانێكی دیكه‌ی چینی فرۆشتووه كه منداڵیان نابێت.
دایكی ئه‌و پیاوه، كه داپیری منداڵه‌كه‌یه، په‌یوه‌ندی به پۆلیسه‌وه كردووه، چونكه ته‌نها دوو جار نه‌وه ساواكه‌ی خۆی بینیبوو، هه‌ر كاتێك ویستوویه‌تی بچێته ماڵی كوڕه‌كه‌ی و نه‌وه‌كه‌ی ببینێت، كوڕه‌كه‌ی رێگری لێكردووه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه ئه‌و داپیره‌یه رێككه‌وتووه بچێته ماڵه‌كه له‌و كاته‌ی كوڕه‌كه‌ی له‌وێ نه‌بووه، كه چووه بینیویه‌تی نه‌وه ساواكه‌ی دیار نییه، دواتریش په‌یوه‌ندی به پۆلیسه‌وه كردووه.
دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكرد، باوكه‌كه دانی به كرده‌وه‌كه‌ی دانا و رایگه‌یاند، ته‌نها منداڵی كوڕی ده‌وێت و وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كردووه، به‌هۆی بێكارییه‌وه ناتوانێت دوو كچ به‌خێو بكات.
دواتر پۆلیس توانی منداڵه‌كه له خێزانه‌كه‌ی دیكه وه‌ربگرێته‌وه و به دایكی و داپیره‌ی بداته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌خێوی بكه‌ن، كڕیار و فرۆشیاری منداڵه ساواكه‌شی ده‌ستگیركردووه.
به گوێره‌ی یاسای چین تایبه‌ت به رفاندن و فرۆشتنی ژن و منداڵ، سزاكه‌ی له نێوان 5 ساڵ بۆ به‌ندكردنی تا هه‌تایی ده‌بێت و هه‌ندێكجار ده‌گاته ئاستی له سێداره‌دانیش.
.jpg)
.jpg)
ئ. م