تەواو کۆنتی نابێتە راهێنەری ریال مەدرید

پێیوایە پڕۆژەکەی ریال مەدرید بە کەڵکی ئەو نایەت

ئەنتۆنیۆ کۆنتی ئامادە نییە ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید وەربگرێت و پێیوایە پڕۆژەی ریال مەدرید 'بە کەڵکی ئەو نایەتی'.

کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئاشکرایکردووە، ئەنتۆنیۆ کۆنتی رەتیدەکاتەوە ببێتە راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی و پێیوایە پڕۆژەی ئێستای یانەکە بە کەڵکی ئەو نایەت و بڕیاری داوە تاکو هاوینی داهاتوو لەسەر پشووەکەی بەردەوام بێت و ئەرکی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەک نەگرێتە ئەستۆ.

دوای دوورخرانەوەی جولیان لۆپیتێخی، بە شێوەیەکی کاتی سانتیاگۆ سۆلاری بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی گرتووەتە ئەستۆ و جگە لە کۆنتی هەریەکە لە رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری بەلجیکا و ماوریسیۆ پۆچێتینهۆی بەڕێوەبەری هونەری تۆتێنهامیش بەربژێرن بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری ریال مەدرید، بەڵام ئەستەمە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەلجیکا و بەرپرسانی تۆتێنها دەستبەرداری راهێنەرەکانیان بن.