برایەتی بەفەرمی گەڕایەوە ناو خولی نایابی کوردستان
رۆژی شەممە یەکەم یاریی خۆی لە خولەکە دەکات
برایەتی بەفەرمی گەڕایەوە ناو کێبڕکێکانی خولی نایابی کوردستان و رۆژی شەممە یەکەم یاریی خۆی لە خولەکە ئەنجام دەدات.
دوای کێشمەکێشمێکی زۆر لە نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و یانەی برایەتی، دواجار کێشەی نێوان هەردوولا چارەسەر بوو، یانەی برایەتی دەگەڕێتەوە ناو خولەکە و رۆژی شەممە یەکەم یاریی خۆی لە خولەکە ئەنجام دەدات و لەمیانی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان لە کەرکووک کاتژمێر 15:00 دەبێتە میوانی گازی باکوور، لە کاتێکدا یارییەکانی دیکەی گەڕەکە سبەی هەینی بەڕێوە دەچن.
لەبارەی چارەنووسی دوو یارییەکەی دیکەی لە خولی نایابی کوردستان، کە بەهۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان برایەتی لە گەڕی یەکەم و دووەم یاریی نەکرد، لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیار لەبارەی چارەنووسی هەردوو یارییەکە دەدات.
برایەتی وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا و بە راهێنەرایەتی یوسف کاکێ ئەم وەرزە بەشداریی خولی نایابی کوردستان دەکات.
