ئەو 7 کارەی لۆپیتێخی نەیکرد و سانتیاگۆ سۆلاری لە یەکەم یارییدا ئەنجامی دان
جیاوازییەکانی نێوان لۆپیتێخی و سۆلاری
دوای دوورخستنەوەی جولیان لوپتیخێ لە پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید و دەست نیشانکردنی سانتیاگۆ سۆلاری وەکو راهێنەری کاتی ئەم یانەیە، ماڵپەری مارکا ئاماژەی بە 7 خالی جیاوازی نێوان ئەم دوو راهێنەرە کردووە:
یەکەم: گەڕانەوە ئانتۆنیۆ پینتۆس
دوای دەست نیشانکردنی وەکو راهێنەری کاتی ریال مەدرید، سانتیاگۆ سۆلاری یەکەم بریاری گەڕاندنەوەی ئانتۆنیۆ پینتۆسی راهێنەری جەستەیی بوو کە پێشتر لەگەڵ زیدان کاری کردووە، لە ساڵی 2016 زیدان داوای ئەم راهێنەرەی کرد کە ئەو کات لە ریزەکانی یۆڤێنتۆس بوو و ئەو یانەیەی جێهێشت و پەیوەندی بە مێرنگیەوە کرد، بەڵام لوپتیخێ ئۆسکار کارۆی لە شوێنی ئەو دەست نیشانکرد کە ئەم راهێنەرە جەستەییە هیچ کاتێک نەیتوانی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یاریزانانی شایانە هەبێت.
دووەم: گرنگیدان بە تواناکانی ڤینسیۆس جۆنیۆر
بە بڕوای لوپتیخێ، ڤینسیۆس جۆنیۆری یاریزانی 18 ساڵانی یانەکەی پێویستی بە کاتی زیاتر هەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت لە ریزی یانەکەی یاری بکات، هەربۆیە بریاریدا کە ئەم لاوە بڕازیلیە بۆ تیپی دووەم بنێرێت و بەشداری لە خولی پلە سێ ئیسپانیا بکات و ماوەیەکی کەمیش لە پێکهاتەی یەکەمی یانەکەی بەشداری پێکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە سۆلاری بڕوای تەواوی بەم یاریزانە هەیە و لە یاری جامی شا بەرامبەر مێلیلا وەک یاریزانی سەرەکی یاری پێکرد.
سێیەم: کۆرتوا گۆڵپارێزی سەرەکی دەبێت
ئەگەرچی لە یاری جامی شا کەیلۆر ناڤاس گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکەی بوو، بەڵام سۆلاری راهێنەری ئارجێنتینایی بریاریداوە کە لەمەودوا کۆرتۆیس گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکەی لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەبێت و ناڤاس تەنها لە جامی شا پارێزگاری لە گۆڵی یانەکەی دەکات، بەم هۆیەوە ئەم راهێنەرە بیرۆکەی بە نۆرەی گۆڵپارێزەکان هەڵدەوەشێنەوە، کە پێشتر لوپتیخێ لە لالیگا بەشداری بە کۆرتۆیس دەکرد و لە چامپیۆنزلیگیش ناڤاس.
چوارەم: ئەزموونی کەمتر
سانتیاگۆ سۆلاری لە ساڵی 2011 بە یەکجاری وازی لە یاریکردن هێناوە و تاوەکو ئێستا لە هیچ یانەکەیەک بێجگە لە لاوانی و تیپی دووەمی ریال مەدرید راهێنەرایەتی نەکردووە و دوای حەوت ساڵیش جاری یەکەمە لەسەر ئاستی پێشکەوتووان راهێنەرایەتی دەکات، هەرچی لوپتیخێ بوو ئەم راهێنەرە ئەزموونی زیاتری هەیە و پێشتر لەگەڵ یانەکانی پۆرتۆ، رایۆڤایۆکانۆ و هەروەها هەڵبژاردەی ئیسپانیاش کاریکردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەینێت کە سۆلاری لە ئێستاوە هیچی لە هەگبەدا نیە، چونکە دیارترین نموونە زیدانی فڕەنسی و راهێنەری پێشووی شایانەکان بوو، ئەو کاتەی کە بووە راهێنەری یەکەمی یانەکەی، ئەویش وەکو سۆلاری ئەزموونێکی باشی راهێنەرایەتی نەبوو.
پێنجەم: شێوازی جیاواز
سۆلاری لە رابردوو لەگەڵ تیپی لاوان و کاستیای شێوازی یاریکردنی زۆر جیاواز بووە لەگەڵ لوپتیخێ، راهێنەرە دوورخراوەکەی مێرنگی زیاتر گرنگی بە کۆنترۆل کردنی تۆپ و کاتێکی زۆریشی بۆ هێرشبردن تەرخان دەکرد، بەڵام سۆلاری لەگەڵ تیپەکانی ئەم یانەیە زیاتر حەز لە پلانی هێرش بردنی راستەوخۆ دەکات، ئەو پلانەی کە هەمیشە هاندەرانی ئەم یانەیە حەزیان لێبووە.
شەشەم: بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو
سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی ریال مەدرید دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا ناراستەوخۆ گلەیی ئەوەی کرد کە لوپتیخێ بەرێوەبەرێکی سەرکەوتوو نیە، واتە مەبەستی لەوە بوو کە ئەو راهێنەری هیچ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یاریزانانی یانەکەی نیە، بەڵام سۆلاری پێشتر یاری لەگەڵ یاریزانانی وەکو زیدان، رۆناڵدۆی بڕازیلی، بێکهام و لویس فیگۆ کردووە و بە باشی لە ڤیسێنتی دێلبۆسکی راهێنەری ئەو کاتی مێرنگی فێربووە چۆن مامەلە لەگەڵ ئەستێرەکان و یاریزانەکان بکات.
حەوتەم: راشکاو لە قسەکردن
سانتیاگۆ سۆلاری یەکێکە لەو کەسانەی کە لە کاتی خۆشی وەکو یاریزان زۆر بە باشی گوێ لە بەرامبەری دەگرت و زۆر بە راشکاوانەش وەڵامی هەبوو، بەڵام لوپتیخێ نەک گوێ بە قسەی یاریزانەکانی نەدەدا، بگرە لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکانیش هیچ کاتێک ئامادەنەبوو گوێ لە رەخنەکان بگرێت و هەمیشە بریارەکانی خۆی لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو.