ئەستێرەیەکی بەناوبانگی تۆپی پێی ئیتاڵیا بووەتە مافیا

دادگە بڕیاری داوە دوو ساڵ زیندان بکرێت

ئەستێرەیەکی بەناوبانگی تۆپی پێی ئیتاڵیا بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ مافیایەک دادگە بڕیاری دا بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی بکرێت.

بەهۆی تۆمەتباربوونی بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ مافیایەکی ئیتاڵی، دادگە بڕیاری دا ڤینچینزۆ یاکوینتای هێرشبەری پێشووی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی بکرێت، داواکاری گشتی ئیتاڵیا بە تۆمەتی ناردنی چەک بۆ یەکێک لە بەناوبانگترین مافیایەکان و هاوکاریکردنیان داوای کردبوو ئەو هێرشبەرەی پێشووی ئیتاڵیا کە لەگەڵ ئازۆری نازناوی مۆندیالی 2006ی بەدەستهێنا، بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانی بکرێت.

یاکوینتای 38 ساڵان لە ماوەی یاریکردنی بە درێسی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا 40 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجام دا و 6 گۆڵی کرد، بڕیاری دادگەی بە دوو ساڵ زیندانیکردنی بە 'هیچ و پووچ و شەرمەزارکەر' ناوبرد، کە جگە لەوەی بەخۆی دوو ساڵ زیندانی دەکرێت، جۆسێپی باوکیشی بەهەمان کەیس تاوانبار کراوە و دادگە بڕیاری دا بۆ ماوەی 19 ساڵ زیندانی بکرێت.