ئه‌مڕۆ له‌ به‌سره‌ خۆپيشاندانه‌

له‌ شارى به‌غدا یەكەم خۆپیشاندان لەدژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەھدی ئەنجامدرا

K24 – هه‌ولێر:

له‌ شارى به‌غدا یەكەم خۆپیشاندان لەدژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەھدی ئەنجامدرا و بڕياره‌ ئه‌مڕۆش له‌ شارى به‌سره‌ خۆپيشاندانى فراوان به‌ڕێوه‌بچێت.

ژماره‌يه‌ك له‌ هاووڵاتيانى دانیشتوی بەغدای پایتەخت، لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندانێكییان لەدژی كەمی خزمەتگوزارییەكان لە شارەكەیان ئەنجامدا و داواشیانكرد، حكومەت ئاوڕ لە داواكارییەكانی خەڵكی پارێزگای بەسرە بداتەوە.

ھەرچەندە ژمارەی خۆپیشاندەران كەمبوون، بەڵام بەیەكەم خۆپیشاندان لە دژی حكومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھدی دادەنرێت.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، بڕیارە ئەمڕۆ خەڵكی بەسرە خۆپیشاندانی گەورە ئەنجامبدەن.

ژمارەیەك چالاكوانی شاری بەسرەی باشووری عێراق، لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایانگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانێكی فراوان لەدژی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و ئاوی خواردنەوە و جێبەجێ نەكردنی بەڵێنەكانی حكومەت، ئەنجامبدەن.

لە چەند مانگی رابردوودا، خۆپیشاندان لە بەسرە و چەند پارێزگایەكی دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان ئەنجامدران و به‌و هۆيه‌وه‌ چه‌ند هاووڵاتييه‌ك بوونە قوربانی.