کەشتییە نەوتییەکانی ئێران ئامێری دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان کوژاندووەتەوە
رۆژی دووشەممە سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە
K24 – ههولێر:
لە کۆتاکانی مانگی رابردووەوە، کەشتییە نەوتییەکانی ئێران ئامێری "ترانسپۆندەر" ( وەرگری سیگناڵی رادیۆیی) کوژاندووەتەوە تاکو لەلایەن سیستمی چاودێری جیهان و سایتی تانکەرتراکەر شوێنەکانیان ئاشکرانەکرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێستا ئەو کەشتییانەی ئێران تەنها دەتواندرێت لە رێگای وێنەی سەتەلایەت شوێنەکانیان دەستنیشانبکرێت.
ئەم هەوڵەی ئێران بۆ خۆ دەربازکردنە لە سزاکانی ئەمەریکا کە بڕیارە رۆژی دووشەممە کارابکرێت و لیزا وارد هاودامەزرێنەری سایتی تانکەرتراکەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێران 30 کەشتی نەوتیی هەیە بەڵام 10 لەو کەشتییانە زۆر گوماناویی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن".
یەکێکی دیکە لە هاودامەزرێنەرانی سایتەکە بەناوی سەمیر مادانی لەبارەی کوژانەوەی ئامێرەکە دەڵێت: "یەکەمجارە کارێکی وادەکرێت، ئەوە زۆر دەگمەنە".
فرانس پرێس نوسیویەتی، ئێران دەیەوێت سوود لە ناروونی داتاکانی سایتەکە وەربگرێت تاکو بتوانێ بەو بڕەی کە خۆی دەیەوێت نەوتەکەی بفرۆشێت.
H.J