بازرگانێکی عێراقی فێڵ لە ژن و پیاوێکی بەریتانی دەکات

"پارەکەیانی بۆ چەکی ئەتۆمی ئێران بەکارهێناوە"

K24 – هه‌ولێر:

ژن و پیاوێکی خانەنشینکراوی بەریتانی لەلایەن هاووڵاتییەکی عێراقی فێڵیان لێدەکرێت و پارەیەکی زۆرییان بۆ چەکە ئەتۆمییەکان ئێران لێ دەدزرێت.

پاول ئاتواتەر و ئیریس، دوو هاوسەرەکە، ویستوویانە پارەی گەشتێکیان پەیدابکەن، بەڵام زۆری پێ ناچێت هەردووکیان بە تۆمەتی یارمەتیدانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەستگیردەکرێن.

ئەم دوو هاوسەرە بەردەوام بورغ و سەمونە و پارچەی فڕۆکەیان بە بازرگانە عێراقییەکە فرۆشتووە، بەڵام کاتێک دەستگیردەکرێن، لێکۆڵەرەوە بەریتانییەکان پێیان دەڵێن کە ئەو کەلوپەلانەی فرۆشتوویانە نێردراوە بۆ ئێران و لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکارهاتووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی میرۆر، دادگا ئەو دوو هاوسەرەی بە "زۆر زۆر خۆشباوەڕ" داناوە و ئێستا لە زیندان ئازادیکردوون بەڵام بەهۆی ئەو بازرگانیانەی پێشتر کردوویانە بڕی 180 هەزار پاوەندیان لە دەستداوە و 100 هەزار پاوەندیش قەرزارن و ئێستا ئەگەری هەیە لە ماڵەکەیان دەربکرێن.

پاول و ئیریس ویستویانە کەمێک پارە پەیدا بکەن تاکو بچنە سەیری یاری یانەی کراولێی تاون و پشوو وەربگرن، بۆ ئەمەش لەگەڵ ئەو بازرگانە عێراقییە بڕیار دەدەن 10 هەزار پارچە کەرستەی بیناسازی هەناردە بکەن بەڵام بازرگانەکە کە بە ئەلێکس ناوی دەبەن، ئەو هەلە دەقۆزێتەوە و فێڵیان لێدەکات و کەلوپەلەکان لە رێگای مالیزیا بۆ ئێران دەگوازێتەوە.

ئیرس لە بارەی ئەو بازرگانە دەڵێت: "ئێمە زۆر هاوڕێ بووین لەگەڵی و پێی دەگوتین کە ئێمە وەکو یەک خێزانین. هەمیشە پارەی خواردن و خواردنەوەکانی دەدا".

دەشڵێت: "ئەو درۆزنێکی زۆر باشە، ئێمەی فریودا و ناوبانگی خراپکردین".

ئەو بازرگانە عێراقییە دەستگیرکراوە و بڕیارە لەم مانگەدا دادگا سزاکەی بەسەردا بسەپێنێت.

‌H.J