ڤیدیۆ.. رامۆس لاسایی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کردەوە و هاندەرانی ریال مەدریدیش فیکەی سووکایەتیان بۆ لێدا
رامۆس هاندەرانی دەمکوت کرد
سێرخیۆ رامۆس لە یاریی بەرامبەر ڤایادۆلید رووبەڕووی فیکەی ناڕەزایەتی هاندەرانی ریال مەدرید بووەوە، بەڵام رامۆس بە گۆڵێک وەکو کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەڵامی دانەوە.
لە گەڕی یازدەمی لالیگا لە یاریی نێوان ریال مەدرید و ڤایادۆلید کە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، پێش دەستپێکی یارییەکە لە کاتی خوێندنەوەی ناوی سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی یانەکە هاندەران فیکەی سووکایەتییان بۆ رامۆس لێدا، لە یارییەکەش هەر کاتێک رامۆس تۆپی لەلا بووایە هاندەران فیکەبارانیان دەکرد، تەنانەت کاتێک ریال مەدرید لێدانی سزای لە دوایین خولەکەکان بۆ هەژمارکرا، هاندەران ناوی ڤینیسیۆس جۆنیۆریان دەهێنا و دژی ئەوەبوون رامۆس پێناڵتییەکە لێبدات.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، هەرچەندە هاندەرانی ریال مەدرید فیکەبارانی رامۆسیان دەکرد، بەڵام کاپتنەکەی ریال مەدرید بە ئارامی لێدانە سزایەکەی لەسەر شێوازی پانێنکا جێبەجێکرد و سێیەم گۆڵی لەم وەرزە بە لێدانی سزا تۆمارکرد و هاوشێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاماژەی بۆ خۆی کرد و وەڵامی فیکەکانی هاندەرانی دایەوە.
ریال مەدرید دوای پێنج یاریی لە لالیگا تامی سەرکەوتنی کردەوە و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ڤایادۆلیدی بردەوە.