سێ یاریی دوای دەستبەکاربوونی هێنری هەڕەشەی دوورخرانەوەی لەسەرە
تاکو ئێستا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە
لە دوای سێ یاریی تێری هێنری هەڕەشەی دوورخستنەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی مۆناکۆی فڕەنسی لەسەرە، چونکە تاکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بۆ یانەکە بەدەست بهێنێت.
ئەم هەفتەیەش تێری هێنری نەیتوانی سەرکەوتن بۆ مۆناکۆ بەدەست بهێنێت و تووشی شکستێکی دیکە بوو، لە گەڕی دوازدەمی خولی یانەکانی فڕەنسادا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە ستاد رێمس دۆڕا.
تێری هێنری 22 رۆژە ئەرکی راهێنەرایەتی مۆناکۆی گرتووەتە ئەستۆ و سێ یاریی لەگەڵ مۆناکۆ ئەنجام داوە، بەڵام تاکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت، بەرامبەر ستراسبۆرگ و ستاد رێمس تووشی شکست بوو، بەرامبەر دیجۆنیش یەکسان بوو، لە کاتێکدا مۆناکۆ بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لیۆناردۆ جاردیمی دوورخستەوە و هێنری دەستنیشانکرد بۆ ئەوەی یانەکە لەم دۆخە دەرباز بکات.
مۆناکۆ لە کۆی 12 یاری تەنیا 7 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی نۆزدەمی خولی فڕەنسی دێت و هەڕەشەی دابەزینی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی لەسەرە.