كەمئەندامان كورسییەكانیان لەبەردەم پەرلەمان دەسوتێنن
داوا دەكەن مووچەكانیان دوانەكەوێت و سیستمی پاشەكەوت نەمێنێ
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ژمارەیەك كەمئەندام وەك ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دواكەوتنی مووچەكانیان و سیستمی پاشەكەوتی مووچە لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبوونەوە و ژمارەیەكیش كورسییەكانیان سوتاند.
كەمئەندامێك لەبەردەم پەرلەمان بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر قەیرانی دارایی ھەیە بۆچی ھەر پەرلەمانتارێك 49 ملیۆن دینار وەردەگرێت؟، ھەر ئەوانە بوون تا دوێنێ لە شەقامەكان لەگەڵ ئێمە دەگریان، لەگەڵ ئەوان گۆشتیان دەخوارد و لەگەڵ ئێمەش شینیان دەگێڕا، ئەمڕۆش بەبێ منەتانە 49 ملیۆن دینار وەردەگرێت و دەڵێ یاسا رێی پێداوم، ئەی كوا یاسا بۆ مووچەی كەمئەندامان".
گوتیشی: "داوا دەكەین مادام پارە ھەیە با پاشەكەوتی مووچەی كەمئەندامان ھەڵوەشێندرێتەوە و لەكاتی خۆیدا مووچەكەمان پێبدەن، كەمئەندامان 48 مانگە برسین لەم وڵاتە، نان نییە بیخۆن و عارەبانە و دارشەق نییە بەكاری بێنین، ھێزی ئەژنۆمان دەسوتێنین".
ھ.م