محەمەد حاجی مەحموود: لەگەڵ حکوومەتی بنکەفراوان نین
"ھیوادارم یاساییەكیش بۆ چۆنییەتی کارکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەرچێت"
K24 - سلێمانی
محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان نین.
گوتیشی: "لە كابینەی پێشتر لەسەرەوە حكوومەتی بنكە فراوان بوو، بەڵام بنكەكەی زۆر باریك بوو، بۆیە هیوادارم حکوومەتی داهاتوو، حکوومەتی خەڵکی کوردستان بێت".
محەمەد حاجی مەحموود، راشیگەیاند: "من لەگەڵ حكوومەتی بنكە فراوان نیم و لەگەڵ ئەوە نیم حكوومەت قورخ بكرێت لەنێوان چەند حزبێك، ئەو حزبانەی دەیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن بابێنە ناو حكوومەت، ئەوانی دیكەش دەتوانن ببن بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ھیوادارم یاساییەكیش بۆ چۆنییەتی کارکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەرچێت".
ئەو گوتانەی محەمەد حاجی مەحموود، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا ھات لەگەڵ عارف تەیفور، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی- ھەڵەبجە.