یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هاودیدان ئاشت بكاته‌وه‌

ژمارەیەك لە ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌یان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

K24 - سلێمانی

یه‌كێتی لە ئاستی باڵا لیژنەیه‌كی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ھاودیدانی ھاوپەیمانی بۆ ریزەكانی پێكهێناوه‌ و ھەموو ھەوڵێکیشی بۆ كۆتایی هێنانه‌ به‌و هاوپه‌یمانییه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، به‌ڵام بەشێك لە ئەندامانی ئەو حزبە ھەڵوەشاندنەوە رەتدەکەنەوە و به‌ نیازن به‌ ناو و فۆڕمێكی دیكەوە درێژە بە كاری سیاسی و رێكخراوەیی خۆیان بدەن.

دوای گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی، دوو رای جیاواز لەناو ھاوپەیمانی  دیموكراسی موشتومڕی زۆری لەسەرە، رایەکیان کۆتایی ھێنانە بە ھاوپەیمانی و راکەی دیكە ھەڵسانەوەیەتی لەم دۆخەکەی دووچاری بووە،  بەڵام رایی زاڵ لەسەر ئەو حزبەدا کۆتایی ھێنانی تەمەنێتی. یەکێتی و ھاوپەیمانی لیژنەیان لەئاستی باڵا بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ھاوپەیمانی بۆ ناو یەکێتی پێکھێناوە، بۆیە چاره‌نووسی ھاوپەیمانییه‌كه‌ زیاتر بەره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌چێت.

ماردین عەبدولکەریم، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانى بە كوردستان24 گوت: "بڕیار لەسەر داھاتووی ھاوپەیمانی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی گشتی و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن دایە، زۆربەی ئەندامانی ھەردوو ئەنجوومەنیش داوای ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانی دەكەن، بۆیە لێرەوە بە خەڵكی سلێمانی دەڵێم ئێمە كە لەوانەین داوای ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانیمان كردووە، ھۆكارەكەش ئەوەیە زیادبوونی حزبێك ھیچ خزمەت بە خەڵكی سلێمانی ناكات، ئەگەر دەستێك بیەوێت درێژە بە ھاوپەیمانی بدات، ئەوا بۆ ئاژاوەنانەوە لەناو شاری سلێمانی".

پێش ئەوەی مۆمی یەکەمین ساڵەی تەمەنی ھاوپەیەمانی داگیرسێنێت، سەرۆکی ھاوپەیەمانیتیەکە سه‌نگه‌ره‌كه‌ی بۆ هاودیده‌كان بەجێھشت و هه‌موویانی ئومێدبڕاوكرد، به‌مه‌ش بینای ئەنجوومەنی دەڤەرەکان چۆڵکراوە، پێشبینیش ده‌كرێت هێدی هێدی بارەگاکانی تریش چۆڵبکرێن. به‌ڵام بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و گشتی ھاوپەیمانی ده‌ڵێن، به‌ گۆڕینی ناوی هاوپه‌یمانی، به‌ فۆڕمێكی دیكه‌ ده‌ست به‌كار دەبنەوە.

عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەوەری دەڵێ: "ھاوپەیمانی بۆ ئەوە نەھاتووەتە مەیدان دوای ساڵێك ھەڵوەشێنرێتەوە، بەڵكو ھاوپەیمانی بۆ گۆڕانكاری ھاتووە و دەبێ لەسەر رێچكەی خۆی بەردەوام بێت، كۆتا بڕیاریش لای ھاودیدانی ھاوپەیمانییە، دەبێ ھاوپەیمانی كۆبوونەوەیەك بكات و لەو كۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ کە لە مادەی 25ی ئەو حزبەدا ھاتووە، ھاوپەیمانی دەتوانێت خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، یان لەگەڵ لایەنێکی سیاسی دیکە بەپێی یاسا یەکبگرن، بۆ ئه‌مه‌ش دەبێت بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی کۆنگرەی گشتی بێت، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی یەکێتی ئەوەیە لەکاتی کۆبوونەوەی گشتی ئەو حزبە، کە بڕیارە ھەفتەی ئایندە بێت متمانەی ئەو دەنگانە بەدەست بنێت تا حزبەکە بە یەکجاری ھەڵبوەشێتەوە.