ترەمپ و ماکرۆن باسی ناکۆکییەکانیان کرد
"ئەوروپا دەبێت سوپایەکی خۆی هەبێت"
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ شەممە لە کۆشکی ئیلیزێ، ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا کرد و ناکۆکییەکانیان خستەڕوو.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ماکرۆن سەرەتا گوتی: "لە دوو رۆژی داهاتوو لەگەڵ سەرۆک ترەمپ باس لە پرسەکانی ئێران، سووریا، یەمەن، کەشوهەوا و کێشە نێودەوڵەتییەکان دەکەین".
سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی ناکۆکی نێوان وڵاتەکەی و کۆشکی سپی لەسەر پرسی ناتۆ و دروستکردنی سوپایەک بۆ ئەوروپا رایگەیاند: "دروستکردنی سوپایەک بۆ ئەوروپا گرنگە، بۆ ناتۆش گرنگە و دەبێت ئەوروپا خاوەن سوپایەکی خۆی بێت".
لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە و دەمانەوێت ئەوروپایەکی بەهێز هەبێت، ئەمە ئامانجی ئێمەیە و ئامانجی ئەوروپاشە".
لە بارەی تویتەکانی دوێنێی کە تیایدا ترەمپ هێرشیکردبووە سەر ماکرۆن و بەوە تۆمەتباری کردبوو کە سوکایەتی بە ئەمەریکا دەکات، ترەمپ رایگەیاند: "دەبێت هەموو ئەندامانی ناتۆ بەشی خۆیان پارەی ناتۆ بدەن و ئەو پرۆسەیە یەکسان بێت".
بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوو، یادی 100 ساڵەی کۆتایهێنان بە جەنگی جیهانی یەکەم لە فەرەنسا بکرێتەوە و تیایدا چەندین سەرکردەی جیهانی بەشداردەبن.
H.j