ترەمپ و ماکرۆن باسی ناکۆکییەکانیان کرد

"ئەوروپا دەبێت سوپایەکی خۆی هەبێت"

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە لە کۆشکی ئیلیزێ، ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا کرد و ناکۆکییەکانیان خستەڕوو.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ماکرۆن سەرەتا گوتی: "لە دوو رۆژی داهاتوو لەگەڵ سەرۆک ترەمپ باس لە پرسەکانی ئێران، سووریا، یەمەن، کەشوهەوا و کێشە نێودەوڵەتییەکان دەکەین".

سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی ناکۆکی نێوان وڵاتەکەی و کۆشکی سپی لەسەر پرسی ناتۆ و دروستکردنی سوپایەک بۆ ئەوروپا رایگەیاند: "دروستکردنی سوپایەک بۆ ئەوروپا گرنگە، بۆ ناتۆش گرنگە و دەبێت ئەوروپا خاوەن سوپایەکی خۆی بێت".

لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە  و دەمانەوێت ئەوروپایەکی بەهێز هەبێت، ئەمە ئامانجی ئێمەیە و ئامانجی ئەوروپاشە".

لە بارەی تویتەکانی دوێنێی کە تیایدا ترەمپ هێرشیکردبووە سەر ماکرۆن و بەوە تۆمەتباری کردبوو کە سوکایەتی بە ئەمەریکا دەکات، ترەمپ رایگەیاند: "دەبێت هەموو ئەندامانی ناتۆ بەشی خۆیان پارەی ناتۆ بدەن و ئەو پرۆسەیە یەکسان بێت".

بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوو، یادی 100 ساڵەی کۆتایهێنان بە جەنگی جیهانی یەکەم لە فەرەنسا بکرێتەوە و تیایدا چەندین سەرکردەی جیهانی بەشداردەبن.

H.j