حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا: مووشه‌كه‌كانمان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه ئیسرائیل ئاماده‌ن
"باڵانسی هێز له‌نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل گۆڕاوه"
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی گوتی: "هه‌ر هه‌نگاوێكی دوژمنكارانه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان، زۆر به‌توندی وه‌ڵام ده‌درێته‌وه و هه‌راسانكردنه‌وه‌ی لوبنان هه‌رگیز قبووڵ ناكرێت".
ئه‌م قسانه‌ی ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی له میانه‌ی فێستیڤاڵی رۆژی شه‌هید "یوم الشهید"ـدا له شاری به‌یرووت هاتوون و دووپاتیكرده‌وه، "مووشه‌كه به‌رگرییه‌كانمان و تواناكا سه‌ربازییه‌كانمان له‌كاتی خۆیدا به‌كارده‌هێنین"، گوتیشی: "ئاسایش و سه‌قامگیری لوبنان كه پێشتر له‌ژێر ره‌حمه‌تی نه‌یاران بوو، ئێستا به‌هۆی ئه‌و توانایه‌مانه‌وه پارێزراوه، هه‌ربۆیه‌ش به‌م دواییانه ده‌بینین باڵانسی هێز گۆڕاوه و دوژمنه‌كانمان زۆر گرنگی به سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی ده‌ده‌ن".
نه‌سروڵڵا هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی ناوچه‌كه‌شی شه‌رمه‌زار كرد، كه هه‌وڵ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌ده‌ن، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان دانپێدانانه به ئیسرائیل و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی له ناوچه‌كه ئه‌نجامیداون"، داواشی له سه‌رانسه‌ری وڵاتانی ناوچه‌كه كرد، "رێگه به ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌ده‌ن و به‌رامبه‌ریان بێده‌نگ نه‌بن و هه‌میشه ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌دژیی ته‌لئه‌ڤیڤ به‌رز بكه‌نه‌وه".
H.B