12 هه‌زار رووفات له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی داعشدایه
له كۆی 202 گۆڕی به كۆمه‌ڵ كار له‌سه‌ر 28یان كراوه
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی راپۆرتێكی نوێی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دوای كۆتاییهاتن به فه‌رمانڕه‌وایه‌تی داعش له عێراق، له ماوه‌ی نێوان 2014 تا 2017، نزیكه‌ی 202 گۆڕی به كۆمه‌ڵ له عێراق دۆزراونه‌ته‌وه، كه رووفاتی 12 هه‌زار كه‌سیان تێدایه.
وه‌ك له ناوه‌ڕۆكی راپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی بۆ كراوه، نزیكه‌ی 12 هه‌زار رووفات له‌و 202 گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌دان، زۆربه‌شیان ده‌كه‌ونه پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركووك، سه‌ڵاحه‌ددین، باكووری به‌غدا و رۆژئاوای ئه‌نبار.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داواش له ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌كات، پارێزگاری له‌و شوێنانه بكات و به‌ڵگه‌ی تاوانی شوێنه‌كان هه‌ڵبگرێته‌وه، هاوكات كه‌سوكاری قوربانییانیش له ناسنامه‌ی ئه‌و رووفاتانه ئاگادار بكاته‌وه.
به گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی "الصباح"ی عێراقی، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هانده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی پێویست و پاڵپشتی ته‌كنیكی بۆ ده‌رهێنانی رووفاتی قوربانییان له‌و گۆڕه به كۆمه‌ڵانه بۆ عێراق دابین بكات، بۆ ئه‌وه‌ی رووفاتی قوربانییان راده‌ستی كه‌سوكاریان بكرێنه‌وه.
قوربانییانی ئه‌و گۆڕه به كۆمه‌ڵانه، ژن، منداڵ، پیاوی به ساڵاچوو و په‌ككه‌وته و ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منییه‌كان و سه‌ربازانی سوپای عێراقن.
وه‌ك راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، نزیكه‌ی هه‌زار و 258 رووفات له 28 گۆڕی به كۆمه‌ڵ ده‌رهێنراون، چوار له گۆڕه به كۆمه‌ڵانه‌ی كارییان لێكراو له دیاله‌ن، یه‌كێكیان له نه‌ینه‌وا و 23ی دیكه‌یان له پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددینن.
پێشبینیش ده‌كرێت، به هه‌زاران رووفاتی دیكه له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانی دیكه‌ش مابن، به‌تایبه‌تیش چاڵی "خه‌سفه"ی باشووری مووسڵ.
ئ. م