ژنێكی بیانی لە ھەولێر كوژرا
بكوژەكەی دەستگیر كرا
K24 - ھەولێر
ھێرۆ مەولودی پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ژنێكی بیانی لە (گەنجان ستی)ی ھەولێر، لەلایەن كەسێكی بە رەگەز عەرەب كوژراوەو بكوژەكە دانی بە تاوانەكەدا ناوە".
موقەدەم فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی عنكاوە بە كوردستان24ی گوت: "ژنێكی نیپالی لە (گەنجان ستی) شاری ھەولێر كوژراوە و بكوژەكەی دەستگیر كراوە و لە لێكۆڵینەوەكاندا تاوانبار دانی بە تاوانەكەدا ناوەو لێكۆڵینەوەی زیاتریش لەگەڵ بكوژەكە دەكرێت".
روونیكردەوە: "ئەو رووداوە رۆژی سێ شەممەی رابردوو 13ی ئەم مانگە روویداوە و ژنەكە لە ماڵی سەرمایەدارێكی بەغدادی لە عنكاوە كاری كردووە، بكوژەكە بەناوی پارە وەرگرتنی كارەبا دەچێتە ئەو ماڵە و دواتر كە ژنەكە ھاوار دەكات و زانیویەتی ئاشكرا دەبێت ژنەكە دەكوژێت".
راشیگەیاند: "بكوژەكە سەربازە لە سوپای عێراق و ماوەی پێنج ساڵە نیشتەجێی ھەولێرە، بە دەمانچە ژنەكەی كوشتیووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی عنكاوە، ئەوەشی خستەڕوو: "لێكۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ بكوژەكە دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین لە رابردوودا چ تاوانێكی دیكەی ئەنجامداوە".
ھ.م