"واشنتن هەوڵ دەدات ئەنقەره له مۆسكۆ دووربخاتەوه"
رووسیا: توركیا بەرژەوەندییەكانی ناكاتە قوربانی ھیچ لایەنێك
K24 - مۆسكۆ
بەڕێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی له مۆسكۆ رایدەگەیەنێت، واشنتن هەوڵدەدات ئەنقەره له مۆسكۆ دووربخاتەوه.
ڤیكتەر نەدین رایێڤسكی، بەڕێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی له مۆسكۆ بە كوردستان24 گوت: "ئەو بارودۆخەی ئەمەریكا لە توركیا دروستیكردووە مێژووییەكی درێژی ھەیە بەرامبەر مۆسكۆ، جگە لە مووشەكی ئێس 400 پەیوەندی بە بارودۆخی ناوچەكەشەوە ھەیە، بەڵام ئێمە دەبێ سەروەری توركیا بپارێزین و ئەنقەرەش بەرژەوەندی گرنگی لە ناوچەكە ھەیە، بەژەوەندییەكانی ناكاتە قوربانی ھیچ لایەنێك بە ھەنگاریاشەوە، بۆیە توركیا داواكانی ئەمەریكا رەتدەكاتەوە، ئەمەش لەبەر بەرژەوەندیی و گرنگی خۆی لە ناوچەكە".
گوتیشی: "توركیاش ئەوە دەزانێت كە رووسیا بەرژەوەندی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، ھەربۆیە توركیا ھاوسەنگی خۆی لەگەڵ رووسیا راگرتووە، بە بڕوای من توركیا و رووسیا بەشێوەیەكی دروست ھاوكاری یەكتر دەكەن لەپێناو بەھێزتر كردنی پەیوەندییەكانیان، ھەروەھا ئێمە فشار ناخەینە سەر توركیا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و ناتۆ تێك بدات. واشنتن ھەوڵدەدات ئەنقەرە لە مۆسكۆ دووربخاتەوە، بەڵام توركیا خۆی بڕیار دەدات لەگەڵ كێ بەردەوامی بە پەیوەندییەكانی دەدات و لەگەڵ كێ دەیپچڕێنێ".
ھ.م