ئۆكرانیا ئاسانكاری بۆ وه‌رگرتنی ڤیزا ده‌كات

پێویست ناكات خەڵكی كوردستان بچێتە بەغدا

K24 - ھەولێر

ڤیکتۆر نێددۆپاس، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند: "سەنتەرێکی ڤیزایان لە ھەولێر کردووەتەوە و چیتر پێویست ناکات خەڵکی کوردستان بۆ وەرگرتنی ڤیزا سەردانی بەغدا بکەن".

باڵیۆزی ئۆکرانیا دەڵێت: "پێشتر ئۆکرانیا و کوردستان پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان ھەبووە و ئامانجمانە ئەو پەیوەندییانە زیندوو بکەینەوە".

ڤیکتۆر نێددۆپاس رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھەبوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ دیاری کردنی رێوشوێنەکان بوو بۆ زیندوو کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و کوردستان لەرووی سیاسی و ئابووریەوە".

گوتیشی: "نوێنەری فەرمی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیامان لە ھەولێر دەست نیشانکردووە و ئۆفیسی دەبێت و ھاوكاری و ھەمانگی نێوان ھەولێر و باڵیۆزخانە دەکات لە بەغدا".

راشیگەیاند: "لە رابردوودا پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان ئۆکرانیا و کوردستان ھەبوو. ھیوادارم بتوانین ئەم پەیوەندییە زیندوو بکەینەوە. لەرووی ئابووریشەوە کارمان کردووە کۆمپانیاکانمان لە سەرجەم بوارەکاندا لە کوردستان کاربکەن".

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق جەختیكردەوە: "ئێمە ئاگاداری نیگەرانی خەڵکی کوردستانین لە پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا و چوونیان بۆ بەغدا. ئێستا لە ھەولێر سەنتەرێکی ڤیزا کراوەتەوە و پێویست ناکات چیتر ھاووڵاتیانی کوردستان بۆ ھەموو شتێكی پەیوەست بە ڤیزا سەردانی بەغدا بکەن".