زاملى: داعش خه‌ريكه ده‌گه‌ڕێته‌وه مووسڵ
ره‌وشى ئێستاى مووسڵ هاوشێوه‌ى ره‌وشى پێش 2014يه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى پێشووى ليژنه‌ى ئاسايش و به‌رگرى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، حاكم زاملى رايگه‌ياند، ره‌وشى ئێستاى مووسڵ هاوشێوه‌ى ره‌وشى پێش 2014يه و داعش به‌ره به‌ره گهيشتووهتهوه ناوچه‌كانى باشوورى به‌عاج.
له لێدوانێكيدا بۆ رۆژنامه‌ى (الشرق الأوسط)، زاملى گوتى: پێش ساڵى 2014 داعش گه‌يشتبووه ئه‌و ناوچانه و خه‌ريكى به قاچاغبردنى نه‌وت و بازرگانى جگه‌ره بوو. هێزه ئه‌منييه‌كانيش سه‌رقاڵى ده‌ستكه‌وتنى پاره بوون و گوێيان به مه‌ترسييه‌كانى نه‌ده‌دا.
روونيشيكرده‌وه، ده‌ستگيركردنى ههڕهمهكييانهى خه‌ڵك، لاوازى ده‌زگا ئه‌منييه‌كان، بێهێزى ئيداره‌ى خۆجێى بوونه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى داعش بێته‌وه سه‌ر هێڵ و له ناوچه‌كه گه‌شه بكاته‌وه.
ئاشكراشيكرد، ئێستا داعش له ناوچه‌كانى باشوورى به‌عاج له سنوورى مووسڵ كۆبوونه‌ته‌وه و حكومهتش هيچ بايه‌خێكى بۆ ئه‌وه نييه، كه له مووسڵ رووده‌دات و شاره‌كه رووبه‌ڕووى مهترسييهكى راسته‌قينه بووه‌ته‌وه.
ئ.ر