به‌هارێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه
دۆخه‌كه زۆر مه‌ترسیداره
K24- هه‌ولێر:
به‌سه‌دان هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتی تونسی مانگرتنێكی سه‌رانسه‌رییان له كاره‌كانیان راگه‌یاند و خۆپیشاندانێكی فراوانیان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان سازكرد و، داوای رووخانی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان به سه‌رۆكایه‌تی یوسف شاهد كرد.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی "عه‌هد نیوز"، ئه‌م پشێوییه دوای ئه‌وه هاتووه، كه حكوومه‌تی تونس ره‌تی كردووه‌ته‌وه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد بكات، له‌كاتێكیشدا ئه‌و وڵاتانه‌ی قه‌رز به تونس ده‌ده‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ستاندنی پاره‌داركردنی ئابووری ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن.
وه‌ك بڵاویشكراوه‌ته‌وه، "ئێستا سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته رووبه‌ڕووی جه‌نگێكی ئابووری سه‌خت بووه‌ته‌وه و، فشاره‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیكه بارگرانی خستووه‌ته سه‌ر شانی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر یوسف شاهد بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی و ئابووری هیچ پلانێكی له‌به‌رده‌ست نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانرێت مه‌زه‌نده‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی دۆخه‌كه بكرێت".
به‌هۆی خۆپیشاندانه سه‌رانسه‌رییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش، سه‌رجه‌م كاروباره ئیدارییه‌كان له‌و وڵاته په‌كیان كه‌وت.
له‌مباره‌شه‌وه ئه‌مینداری گشتی یه‌كێتی فه‌رمانبه‌ران كه زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س پابه‌ندی رێنماییه‌كانی ئه‌ون، دووپاتیكرده‌وه، "تونس به‌ره‌و ئاقارێكی مه‌ترسیدار هه‌نگاو ده‌نێت، ئیتر حكوومه‌ت هیچ بڕیارێكی به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كان له‌لایه‌ن سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ده‌رده‌كرێن، دۆخه‌كه زۆر مه‌ترسیداره و وڵات به‌ره‌و شۆڕشی برسێتی هه‌نگاو ده‌نێت".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له‌لایه‌ك كورتهێنانی گه‌وره له بودجه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وڵاتانی سه‌رمایه‌داری جیهانی، به‌تایبه‌ت سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه پاره به قه‌رز ده‌ده‌نه تونس، فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته چڕ كردووه‌ته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، چیتر یارمه‌تی ئابووری پێشكه‌ش به‌و وڵاته ناكه‌ن.
له‌ساڵی 2011ـه‌وه و دوای روخانی ده‌سه‌ڵاتی "زه‌ینه‌لعابدین"، سه‌رۆكی پێشووی تونس و پڕژانی پشكۆكانی شۆڕشی به‌ناو "به‌هاری عه‌ره‌بی" كه له‌و وڵاته گه‌شایه‌وه و دواتر چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی ته‌نی، ئابووری تونس به‌هۆی تێكچوونی دۆخی ناوخۆ و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ڵئاوسان و دابه‌زینی نرخی دیناری ئه‌و وڵاته، تووشی دارووخانێكی گه‌وره بووه‌وه.
H.B