یەکێتی ئەوروپا داوای ئازاکردنی دەمیرتاش دەکات

دەبێت بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێبکرێت

K24- هه‌ولێر:

یەكێتی ئەوروپا داوای جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش دەكات.

فێدریكا مۆگەرینی، بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند: "پێویستە حكومەتی توركیا بڕیارەكەی دادگای مافەكانی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادكردنی دەمیرتاش جێبەجێ بكات و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێت".

لای خۆیەوە پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆكی ھەدەپە جارێكی دیكە پێشوازی لە بڕیارەكە كرد و گوتی: "بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش بۆ سیاسەتمەدارانی دیكەش دەبێتە نموونە و دەتواندرێت بۆ ئازادكردنیان بەكاربھێندرێت".

لە هەمان کاتدا، پارێزه‌رانی ده‌میرتاش داوا له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌ن، بڕیاری دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا جێبه‌جێ بكات و هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ له‌ زیندان ئازاد بكات.

هەر لەو بارەیەوە، پارێزه‌رانی ده‌میرتاش بۆ رای گشتی به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا دەڵێن: "ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ حكومه‌تی توركیا ده‌میرتاش ئازاد بكات و جه‌ختیشیانكرده‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كه‌، قه‌یرانی نوێی سیاسی و ئابووری دروست ده‌كات".

H.J