بەشیر حەداد: لە چەند رۆژی داهاتوو بەرهەمی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەبینین
"هەموو بڕیارەکانی عەبادی هەڵوەشێندرانەوە"
K24- ههولێر:
هەفتەی رابردوو شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانتارانی ناتۆ سەردانی وڵاتی کەنەدای کردوو و تیایدا چەند داواکارییەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە.
لە لێدوانێکی تایبەتەدا بۆ کوردستان24، بەشیر حەداد لەبارەی کۆبوونەوەکانیان رایگەیاند، داوامان لە شاندی ئەمەریکا کردووە، یارمەتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان رادەستی هەرێم بکات نەک هیچ لایەنێکی دیکە.
بەشیر حەداد گلەیی هاووڵاتیانی کوردستانی گەیاندۆتە شاندی تورکیا داوای کردووە، بۆردومانەکان کە بەهۆیانەوە هاووڵاتی مەدەنی دەبنە قوربانی بوەستێت.
لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی گرنگی زۆری دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتوو بەرهەمەکەی دەبینین".
بۆ پرسی بودجەش، بەشیر حەداد دڵنیایی دەدات و دەڵێت، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت و هەموو ئەو بڕیارانەی عەبادیش کە دژ بە هەرێمی کوردستانن هەڵدەوەشێندرێنەوە.
H.J