لە سلێمانی سەنتەرێکی نوێی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم کرایەوە

لە سلێمانی، سەنتەرێکی تایبەت بۆ راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن گرفتی گەشە کرایەوە. سەنتەرەکە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ خێزانی ئەو منداڵانە دەکات کە لە سەنتەرەکەدا راهێنان وەردەگرن.

بەندین و دایکی بە مەبەستی ئاشنابوون بە ژینگەی سەنتەرەکە، بەشە جیاوازەکانی ئەو شوێنەیان بەسەرکردەوە کە بڕیارە لە داهاتوودا بەندین تێیدا راهێنان بکات. هێرۆ مەحموود، دایکی منداڵێکی ئۆتیزم، سەبارەت بە گرنگیی کردنەوەی ئەم سەنتەرانە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی سەنتەر پێی دەکرێت، دایک و باوک لە ماڵەوە ناتوانن بۆ منداڵەکەیان دابین بکەن. راستە دەبێت دایک و باوک هاوکار بن، بەڵام ئەو سێ بۆ چوار کاتژمێرەی منداڵەکە لە سەنتەر بەسەری دەبات، هەناسەیەک بۆ خێزان دەگێڕێتەوە و دەرفەتی ئەوە دەدات کێشەکانی دیکەی ژیانیان بەڕێوەببەن.

ئەو دایکە روونیکردەوە، خێزانەکانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم بەهۆی سەختییەکانی ژیانیانەوە، لە سەدا 90ـی ئەو خێزانانە لە کۆمەڵگە دادەبڕێن.

راهێنانەکانی ئەم سەنتەرە بە بەرنامەیەکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت و راپۆرتی هەفتانە سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی منداڵەکە پێشکەشی مامۆستاکان و خێزانەکان دەکرێت. هەروەها ئەگەر منداڵێک لە دەرەوەی سەنتەرەکەش کێشەیەکی هەبێت، بە ئاگاداریی خێزانەکەی چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت و دەرگای سەنتەرەکە بۆ هەموو منداڵان کراوەیە.

شوان قادر، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت، هەڵسەنگاندن بۆ منداڵ بە سیستمی ڤی پی ماپـی ئەمریکی دەکەین، کە ئەمە یەکەم جارە لە عێراقدا بەو جۆرە هەڵسەنگاندن بۆ منداڵ دەکرێت. لەو رێگەیەوە دیاری دەکرێت منداڵەکە پێویستی بە چ جۆرە راهێنانێکە و لە چ ئاستێکەوە دەست پێبکەین.

شوان قادر روونیکردەوە، پاش دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان، لەگەڵ دایک و باوکی منداڵەکە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکان دیاری بکەن و بزانن پێویستە چ هەنگاوێک بۆ منداڵەکە بنێن.

لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگیی زیاتر بە کردنەوەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم دراوە و ئێستا 72 سەنتەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە 14ـیان حکوومین و ئامانج لێیان راهێنان و فێرکردنی منداڵانی ئۆتیزمە.

منداڵی ئۆتیزم تەنیا پێویستی بە راهێنانی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پێویستی بە فێربوونی ژیانی رۆژانەیە. لەم سەنتەرە نوێیەدا، تەنیا راهێنان بە منداڵ ناکرێت، بەڵکو بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو فێرکارییانە دەکرێت کە منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەرەکە فێری دەبێت، ئەمەش لە رێگەی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ خێزانەکاندا دەبێت.