کۆریای باکوور مووشەکێکی نوێی تاقیکردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا رایگەیاند، کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی مەوداناوەندی کردووە و کیم جۆنگ ئوون، سەرکردەی ئەو وڵاتە سەرپەرشتیی کردووە.

موشەکەکە لە رۆژهەڵاتی کۆریای باکوورەوە ئاراستە کراوە و لە دەریاکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا ئامانجێکی لە دووری 1,000 کیلۆمەتر پێکاوە. ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، مەبەست لە تاقیکردنەوەکە مەشقکردن بووە بەو هێزانەی سیستەمی چەکی ستراتیژیی خێراتر لە دەنگیان بەدەستەوەیە، هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ متمانەپێبوون، کارامەیی و توانای جووڵەی هێزی بەرگریی سەربازیی وڵاتەکە کراوە.

ئەم تاقیکردنەوەیە کە درێژکراوەی زنجیرە تاقیکردنەوە چەکییەکانی ئەمساڵی کۆریای باکوورە، لە کاتێکدایە گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە ناوچەی داماڵراو لە چەک لە مانگی رابردوودا بەرزبووەتەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی کۆریای باشوور بریندار بوون.

ئاژانسەکە وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو مووشەکە خستەڕوو کە دوێنێ شەممە کیم یۆ جۆنگ، بەرپرسی باڵای پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار باسی کردبوو. کیم یۆ جۆنگ رایگەیاند، کۆریای باشوور و ژاپۆن لە چاودێریکردنی مووشەکەکەدا شکستیان هێناوە، چونکە شێوازی  تایبەت لە شێوەی شەپۆل، کەموکوڕیی تواناکانی ئەوانی لە چاودێریکردندا دەرخستووە.

دوێنێ شەممە، سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیی کۆریای باکووریان تۆمار کردووە و بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیان، مووشەکەکە زیاتر لە 700 کیلۆمەتر بەرەو دەریاکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بڕیوە.

ئاژانسەکە لە کیم جۆنگ ئوونەوە گواستییەوە، پێویستە پیۆنگیانگ بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی دوژمنانیان متمانەپێبوون و کوشندەیی چەکە ستراتیژییە هێرشبەرەکانیان بناسن. کیم جۆنگ ئوون جەختیکردەوە، پەرەپێدانی هێزی بەرگریی ناوەکی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بە پێویست دەمێنێتەوە.

تاقیکردنەوەکە لە دۆخێکی گرژیی بەرزدا کرا، بەتایبەت دوای ئەوەی کیم یۆ جۆنگ هەینی بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا داواکاریی سیئۆلی بۆ لێبووردن لەسەر تەقینەوەی مینەکە لە ناوچەی داماڵراو لە چەک رەتکردەوە.

کۆریای باشوور پیۆنگیانگی بە بەرپرسیار زانیوە لە چاندنی مینەکان و داوای لێبووردنی کردووە. کیم یۆ جۆنگ تۆمەتەکەی سیئۆلی بە بێ بنەما ناوبرد و گوتی: "کۆریای باکوور بە ئەنقەست مینێکی نەتەقاندووەتەوە کە هێزەکانی کۆریای باشوور بکاتە ئامانج".

کۆریای باکوور لەمساڵدا زیاتر لە 10 تاقیکردنەوەی مووشەکیی کردووە.