لافاو 10 كەسی لە عێراق كوشت
چەندین كەسی دیكە برینداربوون
K24 - ھەولێر
بەھۆی لافاو لەچەند ناوچەیەكی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 10 كەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەھۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو، لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەتایبەت قەزای شەرگات، 5 كەس گیانیان لەدەستدا، لە زیقاریش 2 كەسی دیكە، ھەروەھا لە میسان كەسێكی دیكە گیانی لەدەستدا.
ھەر بەپێی ئەو راگەیەندراوە بەھۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو لە بەسرە كەسێك و لە واستیش كەسێكی دیكە گیانیان لەدەستداوە و 22 كەسیش بریندرابوون، 3 ھەزار كەسیش دەربەدەربوون.
ھاوكات، عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە پێكھێنانی شانەیەكی رووبەڕووبونەوەی كارەساتە سرووشتییەكان و فەرمانیشی بە دەستەڵاتە خۆجێییەكان كرد، بەھانای ئەو كەسانەوە بچن، كە بەھۆی لافاو گیریان خواردووە و رزگاریان بكەن.
ھەر پەیوەست بەو بابەتە بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق زیانەكانی لافاو تاوتوێ بكرێ.
چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بارانبارین عێراق و ھەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند ناوچەیەكیش بەھۆی بارانی بەخوڕ لافاو و دروستبووە.