یەكێتی قایل نییە كەسێكی بێ لایەن بكرێتە پارێزگاری كەركووك

پرسەكە بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە

K24 - كەركووك

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند "تائێستا هیچ رێكکەوتنێك نەکراوە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووك"، چاوەڕوانیش ناکرێت ئەو پرسە دوای رۆیشتنی راکان جبوری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك بۆ بەغدا یەكلایی بکرێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان یەکێتی بەپێشنیازەکانی پارتی قایل نەبووە، کە داوای کردبوو کەسێکی بێ لایەن بکرێتە پارێزگاری كەركووك، بۆیە ئەو پرسە هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستان24ی گوت: "ھەموومان بەرپرسین لە پۆستی پارێزگاری كەركووك، ئەگەر بمانەوێت ئەو پۆستە ھی كورد بێت، دەبێ ھەموومان دەستی بۆ بەرین و كاری بۆ بكەین، دەبێ كوردێك پارێزگاری كەركووك بێت تا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێت، ئەوكات ھەركەسێك بردییەوە پیرۆزبایی لێدەكەین".

گوتیشی: "زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە رێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركووك كراوە، بەڕاشكاوانە دەڵێم ھیچ رێككەوتنێك لەگەڵ پێكھاتەكانی دیكە نەكراوە".

ئومێدی خەڵكی كەركووك زیاتر بەستراوەتەوە بەدانانی پارێزگارێکی کورد، کە بەلای هاووڵاتیانەوە زۆر لە کێشە سیاسییەکان چارەسەر دەبن بەو هەنگاوە، بەتایبەت هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك بۆ تەعریب كردنەوەی شارەكە.

زیاتر لەساڵێکە بەغدا پارێزگارێکی سەپێندراوی بۆ كەركووك داناوە، بەو پێیەی کە ئێستا راکان جبوری، بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مۆڵەتی مانگێکی لەبەردەمە تاکو خۆی یەکلای بکاتەوە لەنێوان پۆستی پارێزگار و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.