چەند پەرلەمانتارێک داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن
هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دژی ئەمەریکا هەنگاو دەنێت
K24 – ههولێر:
چەند پەرلەمانتارێکی عێراق داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن.
عامر ئەلشێبلی، پەرلەمانتاری عێراق بە پرێس تی ڤی سەر بە حکومەتی ئێرانی راگەیاندووە: "بوونی هێزەکانی ئەمەریکا، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، دوای تەواوبوونی تیرۆریزم، دەبوو پەرلەمانی پێشوو داوای لە هێزەکانی ئەمەریکا کردبا بکشێنەوە".
کازم ئەلسایادی، پەرلەمانتار، پێیوایە، بوونی هەر هێزێکی بیانی لە عێراق پێشێلکردنی سەروەریی عێراق چونکە خەڵکی عێراق دژی داعش جەنگاون و وەدەریان ناون.
پرێس تی ڤی نووسیویەتی، ئەو پەرلەمانتارانەی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبین، داوا دەکەن هێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە.
هەرچی حەشدی شەعبی خۆیەتی، ئێستا لەلایەن عێراقەوە کراوە بە بەشێک لە سوپای نیشتیمانیی و بە هێزێکی بیانیی سەیر ناکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد ئەلئەسەدی، پەرلەمانتار و سەرۆکی هاوپەیمانی بینای عێراقیی رایگەیاند: "بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا، پەرلەمانی عێراق کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەخاتە بەر باس و گفتوگۆ".
هێنانە سەر مێزی ئەم پرسە لە کاتێکدایە، ئێران و ئەمەریکا رکابەریی یەکتر دەکەن تاکو بتوانن هەژموونی خۆیان لە عێراق زیاتر بکەن، بەڵام ئێران لە رێگای حەشدی شەعبی و لە رووی سەربازییەوە، ئەو گرەوەی لە ئەمەریکا بردۆتەوە.
H.J