سێ پۆلیسی عێراق كوژران

ژمارەیەكی دیكە بریندار بوون

K24 - ھەولێر

بەھۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو لە ناوچەی بادوش لە باكووری رۆژئاوای مووسڵ، 3 پۆلیس كوژران و دوو پۆلیسی دیكەش برینداربوون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، شەوی رابردوو لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانێكی ھێزە ئەمنییەكان، لە ناوچەی بادوش لە باكووری رۆژئاوای مووسڵ، دوو بۆمبی چێندراو بەو ھێزانەدا تەقینەوە و لە ئاكامدا 3 پۆلیس كوژران و دوو پۆلیسی دیكەش برینداربوون.

بە گوێرەی سەرچاوەكە لەلایەكی دیكەوە لە رۆژئاوای ئەنبار بەھۆی تەقینەوەی مینێكەوە، پۆلیسێك كوژرا و چواری دیكەش برینداربوون.

ئەمە لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە داعش دەستی بە ھێرش و تەقینەوە كردووەتەوە، لە دوایین چالاكی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق دژی داعش لە مووسڵیش 9 كەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوی داعش دەستگیركردووە.