خۆپیشاندەران شەقامی ئیلیزێ وێران دەکەن
خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا بەردەوامە
K24 – ههولێر:
پۆلیسی پاریس گازی فرمێسک رێژ و فڕێدەری ئاوی دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و خۆپیشاندەرانیش زیانیان بە چەند شوێنێکی گشتیی گەیاندووە.
لە شەقامی ئیلیزێ لەپاریس، خۆپیشاندانەکان دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەردەوامە و پێنج هەزار خۆپیشاندەر بەشدارن.
دوێنێ شەممە، خۆپیشاندانەکان گرژی تێکەوت و دەیان خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
هەندێک لە خۆپیشاندەران بە ئاشتیانە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی نرخی بانزینیان دەکرد و هەندێکی دیکەشییان دەستیانکرد بە لێکردنەوەی خشتی شەقامەکان و بڕینی دارەکان تاکو بتوانن دژی پۆلیس بەکاریان بهێنن.
کریستۆف کاستانەر، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتی بۆ ماری لپێن، سەرۆکی پارتی راستڕەوی ناشناڵ راڵی درێژکرد و بەهۆکاری رێکخستنی خۆپیشاندانەکان تۆمەتباری کرد.
ماوە دوو هەفتەیە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و نزیکەی 200 هەزار کەس لە سەرانسەری فەرەنسا بەشداریان تێدا کردووە، تاکو ئێستا 600 کەس برینداربوون و دوو کەسیش کوژراون.
سەرچاوە: بی بی سی
H.J