ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی 24 كاتژمێر دەداتە تەڤگەری ئازادی
گەمارۆی بارەگاكانیان داون
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستانی نزیك لە پەكەكەیان دا و پێیان گوتوون كە مۆڵەتی فەرمیان نییە و دەبێ بارەگاكانیان دابخرێت و مۆڵەتی 24 كاتژمێریان پێداون بۆ ئەوەی بارەگاكانیان چۆڵ بكەن.
تارا حوسێن، ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگانی ئێمەیاندا لە شاری سلێمانی، بە بیانووی مۆڵەتی فەرمی داوایان لێكردین بارەگاكانمان چۆڵ بكەین".
گوتیشی: "ئێستا ھێزەكانی ئاسایش لە دەوری بارەگاكانمان كشانەوە و مۆڵەتی ئەوەیان پێداوین كە لە ماوەی 24 كاتژمێر بارەگاكانمان چۆڵ بكەین".
راشیگەیاند: "چونكە ئێمە سەر بە ھیچ ھێزێكی نێودەوڵەتی نین، دەیانەوێت لەم سنوورە دەرمان بكەن".
ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر ھەموو رێكارە یاساییەكانمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت گرتووەتە بەر، بەڵام مۆڵەتیان پێنەداوین".
ئاماژەی بەوەشكرد: "بە ھەموو شێوەیەك ئەو داوایە بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانمان لە سنووری سلێمانی رەتدەكەینەوە و بارەگاكانمان چۆڵ ناكەین".
ھەر پەیوەست بەو پرسە فایەق گوڵپی، سەرۆکی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی و ھاوسەرۆكی پێشووتری پارتی چارەسەری نزیك لە پەكەكە بە كوردستان24 گوت: "مەبەستی سیاسی لە پشت ئەو بڕیارەوەیە، یەكێتی دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا ئاسایی بكاتەوە، بەمەش دەبێ دژایەتی ئەو ھێزانە بكات كە سەر بە پەكەكەن یان لێی نزیكن. ئەو بڕیارە ئەگەر بڕیارێكی فەرمی حكوومەت بێت، دەبێ وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری تەڤگەری ئازادی بكاتەوە، نەك قوباد تاڵەبانی".
ھەروەھا محەمەد عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بارەگاكانی ئێمە نا یاسایی نین، چونكە پێشتر داوای مۆڵەتمان كردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، بەڵكو بڕیاری داخستنی بارەگاكانمان یاسایی نییە و سیاسییە".
ئاشكراشی كرد: "لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت لە سنووری سلێمانی لە گفتوگۆداین، چونكە بڕیارەكە بەناوی جێگری سەرۆكی حكوومەت دراوە نەك بەناوی مەكتەبی سیاسی حزبێك، بەپێی لێكدانەوەكانی ئێمە ئەو بڕیارە لە ژێر فشارەكانی توركیا دراوە. بارەگاكانمان لە سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق ھیچ كێشەیەكیان نییە و ئەو بڕیارە تەنھا بارەگاكانمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە".