چاوشئۆغلۆ: بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تەمییز دەکەینەوە

ئەوروپا داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات

K24- هه‌ولێر:

مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) تەمییز دەکەنەوە.

چاوشئۆغلو چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی سودێچ زایتونگ-ی ئەڵمانی ئەنجامداوە و تیایدا دەڵێت: "دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشتر سەبارەت بە دەمیرتاش بڕیارێکی جیاوازی دابوو و بە بڕوای من ئەمە بڕیارێکی سیاسییە."

دەشڵێت: "پێویستە دادگا کارێکی لەوشێوەیە نەکات. ئێمە پەنا دەبەینە بەر فەرمانگەی باڵای (تەمییز) لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا".

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەمیرتاش بە پاڵپشتکاری پەکەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "ئەگەرچی دەمیرتاش بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئەندامی رێکخراوەکە (پەکەکە) نییە، بەڵام ئەوەی نەشاردووەتەوە کە پشتیوانیی رێکخراوی "تیرۆریستی" پەکەکە دەکات".

پێشتر یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە تورکیا کردبوو، دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات کە بە تاوانی پاڵپشتیکردنی "تیرۆر" لە تورکیا سزای بەسەردا سەپاوە.

سەرچاوە: ئەنادۆڵ

‌H.J